رووداو دیجیتاڵ ئێستا لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وەرزی مەرەزەکردنە، چاوەڕوان دەکرێ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەراورد بە پار بەرهەم دوو هێندە بێ. جووتیارێک دەڵێ: "پار لەبەر کەمئاوی زەرەری زۆرمان کرد." خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "بە نزیکەیی زیاتر لە 500 دۆنم زەوی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کراوە بە مەرەزە." خالید ئەحمەد روونیکردەوە، بەهۆی لەباریی کەشوهەوا و زۆریی بارانبارین لە زستان و بەهاردا، خەڵکێکی زۆر کە بەشێکیشیان جووتیار نین، دەستیان بە داچاندنی برنج و بەروبوومە هاوینییەکانی دیکە کردووە. ساڵانە لە راپەڕین نزیکەی 300 تۆن برنج بەرهەم دەهێنرێ، بەڵام پار لەبەر وشکەساڵی کەمی کرد. هێمن عەلی، جووتیاری برنجە لە سەروچاوەی ئیدارەی راپەڕین، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "خاکەکەمان زۆر بەپیتە و گونجاوە بۆ مەرەزە، زۆر جار هەمان برنج دەبەن و لە شوێنێکی دیکە دەیچێنن، بەڵام هەمان شت دەرناچێت و ئەمەش بۆ باشیی خاکەکە دەگەڕێتەوە." ئەو جووتیارە سەبارەت بە کوالێتیی برنجی کوردی ئاماژەی بەوەکرد، مادە خۆراکییەکەی بەرزە و بەتامیشە، بۆیە خواست لەسەری زۆرە. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، کەمئاویی پار کێشەی بۆ جووتیاران دروست کردبوو و رێنماییمان پێیان دابوو کە ئاوی کەم بەکاربهێنن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکە هەبوو. هێمن عەلی لەو بارەوە گوتی: "پار کێشەی کەمئاویی کێشەی سەرەکیمان بوو، لە دەڤەرەکەی ئێمە جووتیارێکی زۆر زەرەریان کرد، بەڵام ئەم ساڵ بە پێچەوانەوە ئاو زۆرە و جووتیاران رازین." بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئیدارەی راپەڕین گوتی: "نرخی یەک کیلۆ برنج لە شەش هەزار دینار تێپەڕی نەکردووە، ئەم ساڵیش سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پێشبینی دەکەین هەر لە دەوری ئەو نرخە بێت."