رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ مانگە پڕۆژەی فراوانکردن و قیرکردنی شەقامێکی سەرەکی لە کۆیە بە نیوەچڵی جێ هێڵدراوە. دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن هەڵکەندنی شەقامەکە ژیانی لێ تاڵکردوون و قایمقامی شارەکەش دەڵێت: "کێشەکە نەبوونی نەختینەیە لە بانکەکان دا."
گەڕەکی کانی بسکان، کە یەکێکە لە گەڕەکە دێرینەکانی شاری کۆیە، رووبەڕووی گرفتێکی گەورەی هاتووچۆ بووەتەوە. دانیشتووانی گەڕەکەکە بە رادیۆی رووداویان رایگەیاند، دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی بۆ چاککردنی شەقامەکەیان، کەچی کاتێک دەست بە پڕۆژەکە کراوە، کۆمپانیاکە تەنیا شەقامەکەی هەڵکەندووە و جێی هێشتووە.
ئەم شەقامە درێژییەکەی یەک کیلۆمەتر و 200 مەترە و گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە هەردوو دووسایدی "هەناری" و دووسایدی "ئازادی" لە ناو شارەکە دا بەیەکتر دەبەستێتەوە.
تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە لەبارەی هۆکاری وەستانی پڕۆژەکە بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "گرفتی ئەم پڕۆژەیە هاوشێوەی پڕۆژەکانی دیکەی سنوورەکە، تەنیا کێشەی نەبوونی نەختینەیە لە بانکەکان دا. پڕۆژەکە هەموو رەزامەندی و پەسندکردنێکی فەرمیی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتەوە کارەکانی وەستاوە."
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە تەنیا یەک پڕۆژەی دیاریکراو نییە، بەڵکو چەندین پڕۆژەی دیکەی هاوشێوە لە قەزاکە دا هەن، کە بەهۆی گرفتی نەختینەوە ئاستەنگیان بۆ دروست بووە و لە کار کەوتوون.
تارق حەیدەری دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان کە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی نەختینەی پێویست تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیاکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و کۆتایی بە مەینەتیی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بهێنرێت.



