رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە هەولێر چەند وێستگەیەکی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دابنرێن و دواتریش لە شارەکانی دیکە. گوتەبێژی دەستەی ژینگە داوا دەکات، لە هەر شارێک وێستگە دادەنرێ بە وزەی خۆر کار بکات، نەوەک کارەبا.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشنیاز و پلان دراوەتە ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر بۆ دیاریکردنی شوێن بۆ دانانی وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی و نیمچە کارەبایی. ئەوە زۆر گرنگە بۆ خزمەتکردنی ژینگەی شارەکە".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتی: "دانانی وێستگەکانی بارگاویکردن گرنگییەکەی لەوەدایە کە هانی خەڵک دەدات ئەو ئۆتۆمبێلانە بەکاربێنن پێویستیان بە سووتەمەنی نییە، چونکە خەڵکێکی زۆر هەن و دەیانەوێ ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاربهێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی بارگاویکردنەوە تاوەکو ئەمڕۆ نەیانکڕیوە".
دڵشاد هیرانی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە دەبێت و لیژنەیەک شوێنی وێستگەکان دیاری دەکات و دەبێت لە جێگەیەک بێت نەبێتە هۆکاری دروستبوونی قەرەباڵخی لە شەقامەکان.
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دانانی وێستگەکانی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ هەولێر و دواتر هەموو شارەکانی دیکەش زۆر پێویستە بۆ هاندانی خەڵک ئەو ئۆتۆمبێلانە بەکاربێنن و بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام گرنگیشە وێستگەکان بە وزەی خۆر کار بکەن، نەوەک کارەبا".
گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی، داوا دەکەن لە هەر شارێک وێستگەی بارگاویکردن دانرا رەچاوی ئەوە بکەن پێویستی بە موەلیدە یان کارەبای نیشتمانی نەبێت و لەو جۆرانە دابنرێن کە بە وزەی خاوێن کار دەکەن.
وەکو هاندێک بۆ بەکارهێنانیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گومرگ و رسوماتی سەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لابردووە.



