رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی راژەی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی پڕۆسەی دامەزراندنی 250 کەس بەشێوەی گرێبەست بۆ میلاکی فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، 9,006 کەس کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستانە دەکەن. بەپێی راپۆرتەکە، کە رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، پڕۆسەی پێشکەشکردنی فۆڕم لە 10-6-2026 دەستی پێ کردووە و تاوەکو 24-6-2026 بەردەوام بووە. لەو ماوەیە دا 9 هەزار و 6 کەس بۆ 32 پسپۆڕیی جیاواز فۆڕمیان پڕکردووەتەوە. زۆرترین داواکاری بۆ چ پسپۆڕییەک بووە؟ داتاکان نیشانیدەدەن کە زۆرترین داواکاری بۆ پسپۆڕیی "کارگێڕی" بووە بە هەزار و 123 فۆڕم، دوای ئەویش "پۆلیس" بە هەزار و 50 فۆڕم و "شوفێر" بە 910 فۆڕم دێن. لە رووی ئاستی خوێندنەوە، خاوەن بڕوانامەکانی "دبلۆم" زۆرترین رێژەی پێشکەشکاریان پێکهێناوە کە سێ هەزار و 91 کەسن، دوای ئەوانیش خاوەن بڕوانامەی "بەکالۆریۆس" دێن کە دوو هەزار و 771 کەسن. هەروەها 3 کەس بە بڕوانامەی دکتۆرا و 46 کەس بە بڕوانامەی ماستەر فۆڕمیان پێشکەشکردووە. رەگەز، باری خێزانی، تەمەن و نیشتەجێبوون لە کۆی پێشکەشکاران، 4 هەزار و 808 کەسیان پیاون (رێژەی 53%) و چوار هەزار و 198 کەسیشیان ژنن (رێژەی 47%). سەبارەت بە باری خێزانی، 54٪ـی پێشکەشکاران خێزاندارن (چوار هەزار و 831 کەس) و 46%ـیشیان سەڵتن (چوار هەزار و 175 کەس). زۆرترین رێژەی پێشکەشکاران لەو گەنجانەن کە لە نێوان ساڵانی 1990 تاوەکو 1999 لەدایک بوون و 52٪ـی کۆی پێشکەشکاران پێک دەهێنن. لە رووی جوگرافیشەوە، دانیشتووانی ناوەندی هەڵەبجە بە رێژەی 71% زۆرترین فۆڕمیان پێشکەش کردووە، دوای ئەویش قەزای خورماڵ بە رێژەی 17% دێت. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە 710 پێشکەشکار (رێژەی 8%) خاوەن پلە یەکی شەهیدن و 167 کەسیشیان (رێژەی 2%) خاوەن پێداویستیی تایبەتن. سەبارەت بە ئەزموونی کار، تەنیا 688 کەس (رێژەی 8%) پێشینەی کارکردنیان لە کەرتی گشتی دا هەیە، لە کاتێک دا 1,083 کەس وەک خۆبەخش لە دامەزراوەکان دا کاریان کردووە. ئەم پڕۆسەیە لەلایەن فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی راژەی گشتی سەرپەرشتی دەکرێت و ئامانج لێی رێکخستنەوەی میلاکی فەرمانگەکانی حکومەتە لە پارێزگای هەڵەبجە بە شێوەیەکی زانستی و دیجیتاڵی. وردەکاریی تەواوی پسپۆڕییەکان، ژمارەی فۆڕمەکان و میلاکی بەردەست: کارگێڕی: هەزار و 123 فۆڕم (بۆ 26 میلاک) پۆلیس: هەزار و 50 فۆڕم (بۆ 22 میلاک) شوفێر: 910 فۆڕم (بۆ 19 میلاک) پەرستار: 659 فۆڕم (بۆ 4 میلاک) ژمێریاری: 622 فۆڕم (بۆ 39 میلاک) باخەوان: 590 فۆڕم (بۆ 2 میلاک) کارگوزار: 585 فۆڕم (بۆ 25 میلاک) IT (تەکنەلۆژیای زانیاری): 379 فۆڕم (بۆ 19 میلاک) کۆمپیوتەر: 356 فۆڕم (بۆ 13 میلاک) ئەندازیاریی کشتوکاڵ: 309 فۆڕم (بۆ 7 میلاک) زمانی ئینگلیزی: 301 فۆڕم (بۆ 2 میلاک) پۆستەبەر: 258 فۆڕم (بۆ 3 میلاک) میراو: 222 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) زمانی کوردی: 215 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) زمانی عەرەبی: 172 فۆڕم (بۆ 3 میلاک) تەکنیکی کارەبا: 148 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) ئەندازیاریی شارستانی: 139 فۆڕم (بۆ 10 میلاک) یاسایی: 139 فۆڕم (بۆ 19 میلاک) راگەیاندن: 134 فۆڕم (بۆ 6 میلاک) شوێنەوارناس: 93 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) رووپێو: 91 فۆڕم (بۆ 4 میلاک) ئابووری: 90 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) یاریدەدەری بێهۆشکار: 87 فۆڕم (بۆ 6 میلاک) ئامار: 56 فۆڕم (بۆ 2 میلاک) جیۆلۆجی: 56 فۆڕم (بۆ 2 میلاک) GIS: 52 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) تەکنیکی میکانیک: 51 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) ئەندازیاریی میکانیک: 42 فۆڕم (بۆ 1 میلاک) ئەندازیاریی تەلارسازی: 34 فۆڕم (بۆ 2 میلاک) ئەندازیاریی کارەبا: 26 فۆڕم (بۆ 4 میلاک) ئەندازیاریی پلانسازی شار: 13 فۆڕم (بۆ 2 میلاک) ئەندازیاریی رووپێو: 4 فۆڕم (بۆ 1 میلاک)
هەواڵە ناوخۆییەکان02-07-2026هەریر و دەوروبەری؛ بێکارەبایی بیرەکانی ئاویشی لە کار خستووە و مەترسی لەسەر رەز و باخەکانە