رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە 24ی ئەیلوول دوایین رۆژی زانکۆلاین بێت بۆ داواکاریی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. بەرپرسێک لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێ، دوای بەشە پزیشکی و ئەندازیارییەکان، زۆرترین خواست لەسەر بەشەکانی ژیریی دەستکرد و ئایتییە. هەروەها لە سلێمانی جگە لە ئایتی، خواست لەسەر کۆلێژی ئاسایشی نیشتمانییە و گرافیک و دیزاین بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026ەوە زانکۆلاین کارا کراوە و بۆ هەشت رۆژ و تاوەکو 24ی ئەیلوول بە کراوەیی دەمێنێتەوە و دەرچووانی 12ی ئامادەیی دەتوانن داوای وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان بکەن.
خواستی دەرچووان بۆ کۆلێژەکان
د. کارزان کازم، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، ئەم ساڵیش زۆرترین خواستی دەرچووانی پۆلی 12 بۆ کۆلێژە پزیشکی و ئەندازیارییەکانە".
بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین گوتی: "ئەم ساڵانەی دوایی هەندێک بەش لە بەشەکانی کۆمپیوتەر خواستی زۆریان لەسەرە، وەک ژیریی دەستکرد و ئایتی. هەروەها زانستەکانی کۆمپیوتەر و یاسا لەو بەشانەن خواستی زۆریان لەسەرە".
ئەوانەشی کۆنمرەکانیان لە خوارترەوەیە، بە گوتەی د. کارزان کازم، خواستی زۆریان بۆ بەشی ئینگلیزییە لە کۆلێژی زمان، هەروەها مارکێتینگ و کارگێڕیی کار.
هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو بەشانەی خواستیان لەسەرە دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی کار، کە لە زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. دەرچووان ئەو بەشانە هەڵدەبژێرن کە دەتوانن لە کەرتی تایبەت و بازاڕی کاردا سوودی لێ ببینن و دەرفەتی کاریان زیاترە.
لەبارەی ئەو کۆلێژانەی کەمترین خواستیان لەسەرە، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین گوتی: "بەشە هونەرییەکان، ئەندازیاریی کشتوکاڵ، زمانی فارسی و بەشە مرۆڤایەتییەکان خواستی کەمیان لەسەرە".
هەروەها بەشەکانی دەروونناسی، فەلسەفە، مێژوو و جوگرافیا لەو بەشانەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن، کە کەمترین خواستیان لەسەرە.
د. کارزان کازم ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە دەمانەوێ دەرچووانی زانکۆ لە داهاتوودا بتوانن لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان کاریان دەست بکەوێ، وەک دەزانن حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی زۆر بەوە دەدات. زانکۆی سەلاحەدین توانیویەتی بە باشترین شێوازی ئەکادیمی و سەردەمی پڕۆگرامەکانی لەگەڵ بازاڕی کار بگونجێنێت".
د. یۆهان عوسمان، گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە کۆلێژە پزیشکی و ئەندازیارییەکان، زۆرترین خواست لەسەر بەشەکانی کۆمپیوتەرە وەکو ئایتی و ئەندازیاریی کۆمپیوتەر؛ هەروەها بەشی پەروەردەی دەروونی ئەم ساڵ خواستی زۆری لەسەرە و کۆنمرەی 90ـەکان داوای کردووە، چونکە لە پەروەردە دەتوانێت وانە بڵێتەوە و لە کەرتی تایبەتیش دەتوانێت ببێتە هاوکاری پزیشک".
یەکێکی دیکە لەو کۆلێژانەی ئەم ساڵ لە سلێمانی زۆرترین خواستی لەسەرە ئاسایشی نیشتمانییە، کە سێ بەشە و یەکێک لە بەشەکان هەواڵگرییە. دکتۆر یۆهان گوتی: "ئەم ساڵ بازاڕی کار رۆڵی هەیە لە دیاریکردنی کۆلێژەکاندا. دەرچووان دەیانەوێت خوێندنیان تەواو کرد بتوانن هەلی کاریان دەست بکەوێ؛ بۆیە روودەکەنە ئەو بەشانەی هەلی کاریان زۆرە. بۆ نموونە، ئاسایشی نیشتمانی تاکە کۆلێژە لە هەرێمی کوردستان هەبێت و هەلی کار یان دامەزراندنی لە زۆر کۆلێژی دیکە زیاتر دەبێ".
دیزاین و گرافیک لەو بەشانەن لە زانکۆی سلێمانی زۆرترین خواستیان لەسەرە. لەبارەی ژیریی دەستکردەوە گوتەبێژی زانکۆکە گوتی: "زۆرینەی کارەکانی تەواو کراوە، بەڵام بۆ ساڵی نوێی خوێندن قورسە بتوانێت خوێندکار وەربگرێت".
د. یۆهان عوسمان گوتی، لە زانکۆی سلێمانی کەمترین خواست لەسەر فەلسەفەیە.
خوێندنی باڵا: زۆرترین هەلی خوێندن دەڕەخسێنین
وەزارەتی خوێندنی باڵا 16ی ئەیلوول لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "داواکاری بۆ 680 بەش لە هەرسێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) لە 16 زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکرێ".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەم ساڵ 40 هەزار و 716 دەرچووی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری بۆ زانکۆلاین پێشکێش دەکەن".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 زۆرترین هەل دەڕەخسێندرێ. تەواوی دەرچووان کە وشەی چوونە ژوورەوە و پاسوۆردیان هەبێت دەتوانن داوای وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان بکەن".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پار لە 21ی ئەیلوول سیستمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووان کارا کرد و دوای جارێک درێژکردنەوەی ماوەکەی، 5ی تشرینی یەکەم کۆتا رۆژی بوو.
.jpg&w=3840&q=75)


