رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان کرد، بەبۆنەی 56ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەکەوە. دەشڵێت "مامۆستایانی ئایینی هەمیشە کۆڵەکەی پاراستنی بەها مرۆیی و نیشتمانییەکان بوون."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، سەرکردایەتی و تەواوی مامۆستایان و زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون.
لە پەیامەکەدا هاتووە "مێژووی خهباتى زانایانی ئایینی و یەکێتییەکەیان لە قۆناخی خەباتی رزگاریخوازی و لە سەردەمی شۆڕشدا، شانبەشانی پێشمەرگە و رۆڵەکانی گەلەکەمان، بە پێزانین و رێزێکی زۆرەوە هەڵدەسەنگێنین." هەروەها "لەم یادە شکۆدارەدا، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی زانایانی ئایینی و تەواوی شەهیدانی رێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین کە گیانی خۆیان لەپێناو نیشتماندا بەخشی."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی مامۆستایانی ئایینیی کردووە و دەڵێت "مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، هەمیشە کۆڵەکەی پاراستنی بەها مرۆیی و نیشتمانییەکان بوون و رۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە چەسپاندنی میانڕەوی، لێبووردەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا."
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کوردستان وەک هەمیشە بە "لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە" دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
لە پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، سەرکردایەتی و تەواوی مامۆستایان و زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
مێژووی خهباتى زانایانی ئایینی و یەکێتییەکەیان لە قۆناغی خەباتی رزگاریخوازی و لە سەردەمی شۆڕشدا، شانبەشانی پێشمەرگە و رۆڵەکانی گەلەکەمان، بە پێزانین و رێزێکی زۆرەوە هەڵدەسەنگێنین. لەم یادە شکۆدارەدا، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی زانایانی ئایینی و تەواوی شەهیدانی رێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین کە گیانی خۆیان لەپێناو نیشتماندا بەخشی.
مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، هەمیشە کۆڵەکەی پاراستنی بەها مرۆیی و نیشتمانییەکان بوون و رۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە چەسپاندنی میانڕەوی، لێبووردەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا. ههر لهم يادهدا جهخت دەکەینەوە کە کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/9/21


.jpg&w=3840&q=75)
