رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی سلێمانی بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن و داوا دەکەن ئیدارەی شارەکە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات؛ بەڕێوەبەرایەتیی ئاویش دەڵێت گرفتەکە "تەکنیکییە" و پارێزگاری سلێمانیش دووپاتی دەکاتەوە کە لە هەوڵی چارەسەرکردندان.
دانیشتووانی گەڕەکەکانی سەرچیا (قڕگە)، ئیبراهیم ئەحمەد و کازیوە لە شاری سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە لە وەرزی هاوین دا رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی دەبنەوە.
یاسین ساڵح، هاونیشتمانییەکی گەڕەکی سەرچیا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2011ـەوە لێرە دەژین، ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە سەر هێڵی 2ـی دووکان - سلێمانی بەردەوام کێشەی ئاویان هەیە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، دوایین جار کە ئاویان بۆ بەردراوەتەوە رۆژی هەینیی رابردوو بووە و تەنیا سێ کاژێر ئاویان هەبووە، گوتیشی: "لەو دۆخە داراییە سەختە دا هەموو کەس ناتوانێت بە تانکەر ئاو بکڕێت، چەندین ساڵە بەڵێنمان پێ دەدەن، بەڵام کێشەکەمان هەر بەردەوامە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم کێشەیە، ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە رووداوی رایگەیاند، پڕۆژەی هێڵی 2ـی ئاوی دووکان - سلێمانی لە کار نەوەستاوە، بەڵکو هەندێک گرفتی تەکنیکی لە پەمپەکان دا دروست بووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دەکەونە سەر هێڵەکە.
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی روونی کردەوە: "چەند پەمپێک پێویستییان بە چاککردن و گۆڕین هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کردووە بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست و ئێستا کارەکان لە قۆناخی بەدواداچوون دان."
د. هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێک دا بۆ رادیۆی رووداو، دڵنیایدایە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە و رایگەیاند: "بەردەوام لە هەوڵ داین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لەو ناوچانەی کە گرفتەکەیان تێدایە."



