رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، رێورەسمی واژۆکردنی هاوپەیمانیی نێوان فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ لە ژێر ناوی "هاوسەنگی و بووژانەوە" بەڕێوەدەچێت.
رۆژی پێنجشەممە، 02ـی تەمموزی 2026، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ کاژێر 5ـی ئێوارە لە هۆتێل شاری جوان شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، رێورەسمی واژۆکردنی هاوپەیمانیی نێوان فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ بەڕێوەدەچێت".
هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "ئامانجی رێککەوتنەکە زیاتر هاوسەنگی و خزمەتکردنی خەڵک و لێکنزیکبوونەوەی زیاتری نێوان هەردوو لایەنەکەیە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکاندا."
هاوکات سەرچاوەیەک لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە رووداوی راگەیاند، رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای ئەو لێکنزیکبوونەوەیە بووە کە لە چەند مانگی رابردوودا لە نێوان هەردوولادا هەبووە.
سەرەتای نزیکبوونەوەی نێوان ئەو دوو لایەنە بۆ 15ـی کانوونی دووەمی 2026 دەگەڕێتەوە، کاتێک شاسوار عەبدولواحید دوای ئازادکردنی لە زیندان، بانگەوازێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـەمی حکومەت؛ دواتر و لە ماوەیەکی کەمدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە رێگەی گرتەڤیدیۆیەکەوە وەڵامی دایەوە و ئامادەیی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی؛ لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوام بوون.
یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 23 کورسییە، نەوەی نوێش 15 کورسی هەیە، بۆیە داوای نیوەی پۆستەکانی حکومەت دەکەن.



.webp&w=3840&q=75)