رووداو دیجیتاڵ
بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا لەلایەن گرێبەستەکانەوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد. نوێنەرێکی گریبەستەکان دەڵێ، نووسراوەکە لەسەر داوای ئەوانە بۆ بەردەوام بوون لە خوێندن.
نووسراوەکە ژمارە 10801 و رێککەوتی 01-07-2026 و واژۆی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرەو بە ناونیشانی "داواکاری" ئاراستەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ (گرێبەست) لە میلاکی وەزارەتمان، هەڵگری بڕوانامەی بکالۆریۆس و ماستەرن و بەردەوامن لە راژەوە و داوای درێژەدان بە خوێندن دەکەن لە زانکۆکانی کوردستان بە دەر لە رێنمایی دارایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019 بە پارالێڵ و بڕوانامەکانیشیان بۆ نەبەسترێت؛ هەروەها داوای پێداچووەنەوە بە رێنماییەکان دەکەن، لە فەرمانی بەڕێزتان ئاگادامارن بکەنەوە".
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر داواکاریمان ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵا کردبووە بە مەبەستی رێگەپێدان و لاری نەبوون بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا، (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵا)، ئەو نووسراوەی وەزیر بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەو داواکارییەی ئێمە بووە".
ئەو نوێنەرەی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵ دەدەن لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رێگەپێدان و لاری نەبوون بۆ داواکەیان وەربگرن.
مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار کەسە و لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست.


.webp&w=3840&q=75)