رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەبارەی دۆسیەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و رایگەیاند، ئەندامی ئەوان نییە و داواش لە وەزارەتی ئەوقاف دەکات رێکاری پێویست بگرێتەبەر.
رۆژی چوارشەممە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک تۆماری دەنگی و نامە دێت کە دەگوترێت پەیوەندی بە ئەوەوە هەیە، هاوکات لەگەڵ هەبوونی سکاڵای ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "د. عەبدوللەتیف ئەحمەد ئەندامی یەکێتیی زانایان نییە، بەڵکو فەرمانبەر بووە لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ بەهۆی ئەوەی پێشتر لیژنەیەکی زانکۆی سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە راسپێردرابوو، ئێمە هیچ قسەیەکمان نەکردبوو، بەڵام ئێستا و دوای راپۆرتی لیژنەکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری پێویستی لەو بارەیەوە دەرکردووە."
یەکێتیی زانایان جەخت لەسەر گرنگی و هەستیاریی پێگەی مزگەوت و پیشەی مەلایەتی دەکاتەوە و داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی سلێمانی دەکات، رێکاری پێویست بگرنەبەر و هەڵوێستی پێویست و پەیوەست وەرگرن.
له کۆتایی پەیامەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن کراوە کە هیچ جۆرە سووکایەتییەک بە پیرۆزییەکان، زانایانی ئایینی، مزگەوت و مینبەر نەکەن و دۆسیە کەسی و کارگێڕییەکان تێکەڵی پێگەی پیرۆزی ئایین و ناوەندە ئایینییەکان نەکرێن.


.jpg&w=3840&q=75)

