رووداو دیجیتاڵ
لیوا ئەیوب یوسف، فەرماندە و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کشانەوەی لە ریزەکانی یەکێتی دەکەن و رایدەگەیێنێت، "من خۆم یەکێتیم دروستکردووە و هەر یەکێتیش دەبم." دەشڵێت، لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی سەردانی دەباشانی کردووە و لەگەڵی کۆبووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، لیوا ئەیوب یوسف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە کە من لە یەکێتی کشابێتمەوە، من خۆم یەکێتیم دروست کردووە و هەر یەکێتیش دەبم ئەگەر بە تەنیاش مابێتمەوە."
لیوا ئەیوب یوسف سەبارەت بە سەردانەکەی ئەمڕۆشی بۆ لای سەرۆکی یەکێتی، گوتی: "کاک بافڵ بانگی کردبووم و سەردانێکی ئاسایی و ئەحواڵپرسین بوو."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە، لە دەباشان لەگەڵ لیوا ئەیوب یوسف، فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین کۆبووەتەوە.
پێشوازییەکەی بافڵ تاڵەبانی لە لیوا ئەیوب، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وازهێنانی ئەو فەرماندەیەی یەکێتی بوو لە حیزبەکەی.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "بە پێزانینەوە لە رۆڵ و خەبات و تێکۆشانی لیوا ئەیوب دەڕوانین وەک تێکۆشەرێکی دێرین و فەرماندەیەکی ئازای کوردستان و یەکێتی کە تەمەنی خۆی تەرخان کردووە بۆ خەباتی کوردایەتی، ئەو وەکو شێرەکوڕێکی هەولێری لەگەڵ هەڤاڵەکانی بەشێکە لە سەروەرییەکانی گەلەکەمان."
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی لیوا ئەیوب لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە مایەی شانازیی هەموو لایەکە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لیوا ئەیوب یوسف سوپاسی سەرۆکی یەکێتی کرد و گوتوویەتی، کە هەمیشە پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتی دەبێت و هەر ئەرکێک لە خزمەتی خەڵک دا بێت بە ئەمانەتەوە رایدەپەڕێنێت.
لیوا ئەیوب یوسف سەعید، پێشتر فەرماندەی لیواکانی سێ و حەوتی پێشمەرگە بووە، پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتییە، ساڵی 1986 لەگەڵ سەرداری سەعید سۆفی و بەختیار کاوانی، لە سەنتەری شاری هەولێر تەقەیان لە پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر کرد و برینداریان کرد.
.jpg&w=3840&q=75)



