رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی گلەیی و تێبینییان لەسەر بوونی هەڵە لە چەند پرسیارێکی تاقیکردنەوەی وانەی کیمیادا هەبوو، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی خوێندکاران دەرکرد.
خوێندکاران داوای قەرەبوو دەکەن
هەریاد مەحموود، خوێندکاری پۆلی 12ی زانستی لە پارێزگای هەڵەبجە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پرسیارەکانی وانەی کیمیا هەندێک هەڵەی تێدابوو؛ بەتایبەت پرسیارەکانی ژمارە (2، 26، 29) لە رووی داڕشتن و واتاوە گونجاو نەبوون و سەر لێ تێکدەر بوون، بۆ نموونە پرسیاری 26 باسی ئاوێتە و ئایۆنی دەکرد بە شێوازێکی ناڕوون." خوێندکاران داوایان دەکرد هاوشێوەی وانەی زیندەزانی، لەم وانەیەشدا قەرەبوو بکرێنەوە.
وەزارەتی پەروەردە: دوو بژاردە بۆ پرسیاری 44 بە راست هەژمار دەکرێت
لەسەر ئەم بابەتە، د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ بەدواداچوونی گلەیی خوێندکاران. بۆ وانەی کیمیا، لیژنەیەکی پسپۆڕ لە مامۆستایانی پرۆفیشناڵمان راسپارد بۆ پێداچوونەوەی وردی پرسیارەکان."
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان ئاشکرای کرد کە دوای پێداچوونەوەکە دەرکەوتووە تەنیا پرسیاری ژمارە 44 سەرلێشێواوی بۆ خوێندکاران دروست کردووە، چونکە پرسیارەکە بە دوو شێوازی جیاواز چارەسەر دەکرێت. د. سەیوان فەرەج گوتی: "سەبارەت بە پرسیارەکانی دیکەی وەک (2، 26، 29) کە خوێندکاران تێبینییان لەسەری هەبوو، بریکاری وەزارەتی پەروەردە روونی کردەوە کە بەپێی راپۆرتی لیژنە پسپۆڕەکە، ئەو پرسیارانە هیچ کێشەیەکی زانستی یان زمانییان تێدا نییە و وەک خۆیان دەمێننەوە."
دۆسیەی وانەی زیندەزانیش یەکلایی کرایەوە
لەبارەی یەکلاکردنەوەی ئەو نیگەرانییانەی لەسەر پرسیارەکانی وانەی زیندەزانی هەبوون. د. سەیوان فەرەج دووپاتی کردەوە کە کێشەی ئەو پرسیارەی وانەی زیندەزانیش کە پێشتر ببووە هۆی سەرلێشێواوی خوێندکاران، بە تەواوی لە بەرژەوەندیی ئەوان یەکلایی کراوەتەوە، ئەوەی گرفتی هەبووبێت نمرەکەی بۆ هەمووان هەژمار کراوە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)