رووداو دیجیتاڵ
لە کەلار، پیاوێک بە ناوی سەلام حەسەن ساڵح، کە بە مەلا سەلام لەنێو خەڵکی ناسراوە، بە تۆمەتی ئەوەی لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان و بەرامبەر بڕێک پارە، ژن و مێردێکی لێک جیابووەوەی ئاشت کردووەتەوە، دەستگیر کرا.
عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی ژن و مێردەکە کێشەی تەڵاقیان دەکەوێتە نێوان و دەچنە دادگە، دادوەر لە کاتی وەرگرتنی گوتەکانیان بۆی دەردەکەوێت کە دوو ساڵ پێش ئێستا، کەسێک لە دەرەوەی دادگە و بەرامبەر پارە ئاشتی کردوونەتەوە، بۆیە دادوەر کارەکەی بە نایاسایی لە قەڵەم داوە و بڕیاری داوە دۆسیەیەکی دیکە بۆ ئەو کەسە 'مەلاکە' بکرێتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی، "ئەو کەسە بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە فێڵکردن، دەستگیر کراوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرسێ کەسەکە خەڵکی کەلارن.
سەبارەت بە کار و پیشەی تۆمەتبارەکە، عەقید سۆران محەممەد گوتی، "ئەو کەسە گرێبەستی لەگەڵ ئەوقاف هەیە، بەڵام ئێمە نازانین بە چ سیفەتێک رۆڵ دەگێڕێت و دەبێت ئەوقاف پێگەکەی دیاری بکات."
مامۆستا سەباح، بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان، بە رووداوی گوت، "ئەو کەسە ماوەی 10 ساڵە وەک ئیمام (پێشنوێژ) گرێبەستی لەگەڵ ئێمە هەیە، بەڵام گوتاری نەداوە و ئەندامی لیژنەی فەتوا نییە و شارەزاییشی لە بابەتی تەڵاقدا نییە." بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە ئاگاداری بابەتەکە بوون و هیچ نووسراوێکی فەرمییان لە پۆلیس و دادگەوە پێنەگەیشتووە.
د.عیرفان رەشید، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، بابەتی تەڵاق فرەڕەهەندە و باشترە لەلایەن لیژنەکانی فەتواوە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە مامۆستای پسپۆڕیان هەیە و پەیوەندییان لەگەڵ دادگەکاندا هەیە بۆ ئەوەی کێشەی لەو جۆرە دروست نەبێت.
د.عیرفان رەشید گوتیشی، "ئەگەر کەسێک یەک تەڵای خێزانەکەی بدات، دەتوانێت دوای سێ پاکبوونەوە (سووڕی مانگانەی ئافرەت) دەتوانێ بە شایەت بیگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەگەر سێ تەڵاقی کەوت، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ بیگەڕێنێتەوە."

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)