رووداو دیجیتاڵ
پێشبینیی دەکرێ، ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان هەنگوین زیاتر لە دوو هێندە زیاد بکات. هەنگەوانان لەباریی کەشوهەوا و زۆریی بارانی زستان و بەهار بە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونی هەنگوین دەزانن.
لە کاتێکدا پار ساڵێکی زەحمەت بوو بۆ بەرهەمێنانی هەنگوین و وشکەساڵی تەنگی بە هەنگەوانان هەڵچنیبوو، بەڵام ئەم ساڵ بە گەشبینییەوە دەڵێن: "زۆریی دابارین و شێداریی کەشوهەوا، قەرەبووی زیانەکانمان دەکاتەوە."
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە شێوەیەکی ئاسایی هەنگوین لە ناوەڕاستی مانگی 8 دەبڕێتەوە، بەڵام ئەم ساڵ ژینگەکەی ئەوەندە لەبارە، پێشدەخرێ."
ئاماری گشتیی کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان (2019 - 2024):
ساڵی 2019
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 1,123,344 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 595,655 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,013 کەس
ساڵی 2020
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 546,896 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 613,652 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 10,513 کەس
ساڵی 2021
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 852,261 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 592,815 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,131 کەس
ساڵی 2022
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 1,600,824 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 324,700 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 8,024 کەس
ساڵی 2023
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 810,900 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 303,080 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 8,635 کەس
ساڵی 2024
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 647,775 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 364,785 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,343 کەس.
لەباریی ژینگە و کەشوهەوا هەنگەوان و پوورەی هەنگی زیاتر کردووە
بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2025ی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، نۆ هەزار هەنگەوان و 342 هەزار و 487 پوورەی هەنگ هەبوون، کە تێکڕای بەرهەمیان 616 هەزار و 477کگم بووە.
بەڵام ئاماری ئەم ساڵ جیاوازە. تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئێستا 15 هەزار هەنگەوان و 800 هەزار پوورەی هەنگ هەن.
لە سۆران زۆرترین هەنگوین بەرهەمهێنراوە
بە گوێرەی زانیارییەکانی قارەمان مەولوود، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، کە قسەی بۆ رووداو کردووە، پار زۆرترین بەرهەم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە، کە 190 هەزار و 886کگم بوو.
نهێنیی بەرزیی کواڵیتیی هەنگوینی کوردستان چییە؟
فەرهەنگ حوسێن، هەنگەوانێکی شارەزایە، ساڵی 2023 لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی باشترین هەنگوینی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی بەشداربوو، لەو پێشبڕکێیە هەنگوینی کوردی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
فەرهەنگ حوسێن قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "کوالێتی و بەهای خۆراکیی هەنگوینی کوردی زۆر بەرزە و لە دەرەوەی وڵات خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەنگ لە کوردستان تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە نابەستێ بۆ دروستکردنی هەنگوین و لە چەند سەرچاوەی جیاواز شیلە وەردەگرێت، ئەمە هەنگوینی کوردی لە هەنگوینی وڵاتانی دیکە جیادەکاتەوە، چونکە ئەوان بە زۆری پشت بە یەک سەرچاوە دەبەستن."
عارف شێروانی دەڵێ، هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ بەخێوکردن و هەنگ حەز بە هەوای شێدار و پلەی گەرمای بەرز دەکات بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین، رووەکە سرووشتییەکانی کوردستانیش نهێنیی باشیی هەنگوینن.
سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "وڵاتانی دەرەوە هەنگوینی کوردییان زۆر بە دڵە و داواکاری بۆ هەناردەکردن زۆر بەرزە، کە دەشبیستن هەرێمی کوردستان بەشداریی پێشبڕکێیەکانی هەنگوین دەکات، بەشێک لە وڵاتان لە پێشبڕکێیەکە دەکشێنەوە."
بەپێی ئاماری فاوستاتی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، چین لە بەرهەمهێنانی هەنگویندا یەکەم وڵاتی جیهانە، لە ساڵی 2021دا توانیویەتی 472هەزار و 700 تۆن بەرهەم بهێنێت و 120 هەزار تۆن هەناردە بکات؛ بۆیە چین بە تەنیا نزیکەی یەک چارەکی هەموو هەنگوینی جیهان بەرهەم دێنێت.
هەنگوین دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ هەرێمی کوردستان؟
هەنگەوانان لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێن: "بەڵێ بە دڵنیاییەوە."
فەرهەنگ حوسێن ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەرحکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕێکی جیدی لە کەرتی هەنگەوانی بداتەوە، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هەم ژینگەکە لەبارە و هەم کوالێتیی هەنگوینەکەمان نایابە."
فەرهەنگ حوسێن، روو لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات و دەڵێ: "هەنگەوانانی کوردستان پێویستیان بە کۆمەڵیک خزمەتگوزارییە، لەوانە: کردنەوەی خولی هەنگەوانی کە هەنگەوانان بتوانن تێیدا فێری تەکنیکە نوێیەکانی هەنگەوانی ببن، ساردکەرەوەی تایبەت بۆ هەڵگرتنی هەنگوین بۆ ئەوەی ناچار نەبن بۆ پاراستنی پشت بە مادە ژەهراوییەکان ببەستن و دروستکردنی تاقیگەی پێشکەوتووی پشکنین بۆ جیاکردنەوەی هەنگوینی رەسەن لە ساختە."
تێچووی کیلۆیەک هەنگوین چەندە؟
لە ساڵێکدا پێویستە چەند جارێک ژینگەی هەنگ بگۆڕدرێت، هادی محەممەدی هەنگەوان دەڵێت، "ئەم شوێن گۆڕینە، خەرجییەکی زۆر دەخاتە سەر شانمان، هەروەها سندووق و پوورە، تێچووی تایبەتی خۆی هەیە، بە گشتی، یەک کیلۆ هەنگوین 15-20 هەزار دینار لەسەر هەنگەوان دەکەوێت."
ئەو هەنگەوانە گوتیشی، هەندێک ساڵ، ناچار دەبین کە پەڕەمێو و شریتی ڤاروان بدەینە هەنگ، ئەمەش خەرجییەکی دیکەی قورسە لەسەر هەنگەوان.
جیاکردنەوەی هەنگوینی ئەسڵی لە ساختە
ئەسعەد مەلا ناسر، هەنگەوان لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، هەرێمی کوردستان تائێستا نەیتوانیوە تاقیگەیەک بۆ پۆلێنکردنی هەنگوین دروستبکات، چونکە تائێستاش تەنیا بە ئەزموون هەنگوینی باش و خراپ جیادەکرێتەوە، زۆربەی هاونیشتمانیانیش ئەو ئەزموونەیان نییە. ئێستا هەنگوینە باشەکانیش بوونەتە قوربانی هەنگوینە ساختەکان. ئەسعەد مەلا ناسر دەشڵێت، "تاکە رێگە بۆ کڕیار ئەوەیە خاوەن هەنگەکە بناسێت و متمانەی پێبکات."
بەڵام عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان دەڵێ، تەنیا لە هەولێر دوو تاقیگە هەن، یەکێکیان لە کۆلێژی زانست و ئەوی دیکەیان لە کۆلێژی کشتوکاڵە، زۆربەی نموونەکانیش لەوێ دەپشکندرێن، هەر هەنگەوانێک بیەوێت دەتوانێت لەوێ هەنگوینەکەی بپشکنێت و بڕوانامەش وەربگرێت.
د. عەبدولڕەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و پسپۆڕی بواری هەنگ پێیوایە، هەنگوینی کوردستان باشترین جۆری هەنگوینە و دەڵێ: وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا دان بە کواڵێتی هەنگوینی خۆماڵیدا دەنێ، چونکە هەنگوینەکانی دیکە بە رێگەی نایاسایی هاوردە دەکرێن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

