رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی پزیشکی لە شاری سلێمانی سەرکەوتوو بوون لە نەشتەرگەرییەکی ورد و دەگمەن بۆ نەخۆشێک کە ماوەی پێنج ساڵ بوو بەهۆی شەلەلبوونی یەکێک لە دەنگەژێیەکانیەوە، توانای قسەکردنی ئاسایی نەمابوو و بەدەست گیرانی دەنگەوە دەیناڵاند.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی سەنتەری قوڕگ و لووت و گوێ نەشتەرگەرییەکیان بە ناوی (Type 1 thyroplasty) بۆ نەخۆشێکی تەمەن 47 ساڵان کردووە و توانیویانە دەنگی سروشتی بۆ بگەڕێننەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تەندروستی سلێمانی، ئەو نەخۆشە پێنج ساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەریی غودەی دەرەقی بۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی لێکەوتەکانی ئەو نەشتەرگەرییەوە تووشی شەلەلبوونی دەنگەژێی چەپی ببوو. ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی دەنگی بە تەواوی گڕ بێت، لە کاتی قسەکردنی زۆردا زوو هیلاک بێت و تووشی تەنگەنەفەسی ببێت.
نەشتەرگەرییەکە لە 22ـی حوزەیرانی 2026، لە ناو سەنتەری قوڕقوڕاگە و لووت و گوێ کراوە. تایبەتمەندیی پرۆسە پزیشکییەکە لەوەدابوو کە: تەنیا بە سڕکردنی خۆجێیی (بەنجی مەوزوعی) بووە و بێهۆشکاری گشتی بەکارنەهاتووە، لە رێگەی ملەوە کراوە و تێیدا ئەو دەنگەژێیەی کە پەکیکەوتبوو، لە دەنگەژێیە ساخەکە نزیک کرایەوە تاوەکو توانای لەرینەوە و دروستکردنی دەنگی بۆ بگەڕێتەوە.
تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، نەشتەرگەرییەکە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی قوڕگ و لوت و گوێ (دکتۆر هاوبیر عادل و دکتۆر شکار نەوزاد) و بە هاوکاری تیمی بێهۆشکاری و کارمەندانی بەشەکە کراوە. راستەوخۆ دوای تەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە، نیشانە ئەرێنییەکان دەرکەوتن؛ دەنگی گڕی نەخۆشەکە گۆڕا و توانای قسەکردنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، بەوەش نەخۆشەکە دوای پێنج ساڵ گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
