رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، تەنیا یەکجار کۆبووەتەوە، لە سبەیەوە پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ دەکەوێتە پشووی هاوینەوە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژێردراوی خولی شەشەم، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پشووی هاوینە لە سبەی 01ـی تەمموز دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوومانگ بەردەوام دەبێ".
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
عومەر گوڵپی، کە لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی سەرکەوتووە بۆ خولی شەشەم، بەڵام سوێندی یاسایی نەخوێندووە، دەڵێت: "پەرلەمان لە ساڵێکدا دوو وەرزی گرێدانی هەیە، یەکەمیان، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران و بە خولی بەهارە ناو دەبرێت؛ دووەمیان لە سەرەتای ئەیلوولدا دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەم و خولی پاییزەیە، لەنێوان ئەو دوو خولەدا دوو جار پەرلەمان دەکەوێتە پشووی وەرزەکانەوە".
لەکاتی وەرزەکانی پشووی پەرلەمانی کوردستاندا، لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانیان دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ناکرێت.
تاوەکو ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم پێکنەهێندراون، بۆیە لەم پشووەدا لیژنەکانیش کۆبوونەوەیان نابێت.
لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان"، بەڵام لە ساڵێک و حەوت مانگی رابردوودا پەرلەمان تەنیا یەک جار بۆ سوێندخواردنی ئەندامانی کۆبووەتەوە.



