رووداو دیجیتاڵ
هاوژینی حەمە زیرەک، گۆرانیبێژی میللی، کە دوێنێ شەو لە رووداوێکدا سووتابوو، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر گیانی لەدەستدا.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی رابردوو لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام بابەتەکە لێکۆڵینەوەی پێویست بووە و دۆسیەکە دراوەتە پۆلیسی هەولێر.
ئەو ئافرەتەی گیانی لەدەستداوە ناوی لیزا کامەران بەکرە و لە دایکبووی ساڵی 1992ـە؛ هاوژینی هونەرمەندی میللیی شاری هەولێر حەمە زیرەک بوو؛ دایکی کوڕ و کچێک بوو. دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێرن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئافرەتەکە خۆی سووتاندووە، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەوە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە گیانی لەدەستداوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا "هاوخەمی قووڵ"یان بۆ هونەرمەند حەمە زیرەک و ماڵباتەکەیان دەربڕیوە.
پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.



