رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگۆی مانگرتنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی برای، دوو لە پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار دەڵێن، راست نییە و مانیان نەگرتووە.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ دووشەممە 29-6-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە کاک لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای مانیان لە خواردن گرتووە "ناڕاستە".
ئەو پارێزەرە گوتی: "دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بە کاک لاهووریشەوە لە هەمان جێگە وەستاوە، کە دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر داوای پەڕاوەکانی کردووە و تاوەکو ئەمڕۆ دادگەی سلێمانی نەیناردووە".
دانا تەقیەدین، یەکێکی دیکە لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاندووە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی هێشتا مانیان نەگرتووە و ئاگاداری مانگرتنەکەش نەبوون".
لاهوور شێخ جەنگی چەند جارێک براوەتە بەردەم دادوەر، کە یەکەم جار 12-01-2026 و دوایین جاریش 14ـی مانگی ئایار بوو، بڕیاربوو 1ـی حوزەیران دادگایی بکرێتەوە، بەڵام دانیشتنی دادگە نەکرا".
قادر مەنتک دەڵێ: "ئێمە وەکو تیمی پارێزەرانی دۆسیەی کاک لاهوور سکاڵامان دژی یەکێک لە دادوەرانی دۆسیەکە تۆمار کردووە، بۆیە ئەویش دۆسیەکە بەڕێوەنابات و دانیشتنەکان راگیراون".
ئەو پارێزەرەی لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانیشەوە گوتی: "بەهۆی سکاڵای تیمەکەمانەوە دادوەری دۆسیەکە ناتوانێ دانیشتن بەڕێوەببات، بەڵام سەرۆکایەتی دادگەی سلێمانی دەتوانێت دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە و کێشەکە چارەسەر بکات".
دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانی دیکە لە دادگەی تاوانی سلێمانی 2 بۆ بەڕێوەدەچێت.
رووداوەکەی لالەزار
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی هۆتێل لالەزاری سلێمانییان دا، کە جێگەی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوون.
دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکان هێرشیانکردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.
لە رووداوەکانی لالەزاردا، نزیکەی 200 کەس دەستگیرکران، بەڵام بە گوتەی پارێزەرانی دۆسیەکە، 27 کەسیان لە زیندان ماونەتەوە و ئەوانی دیکە لە کاتی جیادا ئازاد کراون.



