رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای کەلار، مەلایەک بە تۆمەتی چاککردنەوەی تەڵاق بە پارەدەستگیر کرا. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، دەستگیرکردنی مەلاکە بە فەرمانی دادوەر بووە.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە 29-6-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزاکانی عێراق راگیراوە، کە ئەو ماددەیە تایبەتە بە فێڵکردن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (س، ح، س)ـە و بە گرێبەستی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، لە چەند مزگەوتێکی گەرمیان وەکو مامۆستای ئایینیی پێشنوێژ بووە.
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەوە گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی: "پیاوێک هاوژینەکەی تەڵاق داوە، ئەو تۆمەتبارە گوتوویەتی بە 280 هەزار دینار تەڵاقەکە چاک دەکاتەوە، دواتر کە دۆسیەکە گەیشتووەتە دادگە، ناوی ئەو تۆمەتبارە هێندراوە کە بە پارە تەڵاقەکەی چاککردووەتەوە، دادوەریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە".
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی: "دادوەر لەسەر ئەو بنەمایە فەرمانی راگیرانی تۆمەتبارەکەی دەرکردووە، کە نابێت هیچ کەسێک لە بەرامبەر پارەدا کاری هاوشێوە بکات".
مەلایەکە لە بنکەی پۆلیسی کەلار راگیراوە. عەقید سۆران محەممەد گوتی: "سبەی دەبرێتە بەردەم دادوەر و بڕیار لە چارەنووسی دەدرێ، کە ئایا ئازاد دەکرێت یان پەڕاوی لێکۆڵینەوە دەکرێتەوە و راگرتنی بەردەوام دەبێت".



