رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک رایگەیاند، کارکردن لە جووتسایدی سەرەکیی هەولێر – دهۆک بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت پێش وادەی خۆی زۆر زووتر تەواو ببێت، کە کۆتایی ساڵی 2027ە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29-06-2026 ئەندازیار رێدیر سلێمان خەمۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک بە رووداوی گوت، "رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و دهۆک کە بە جووتسایدی باعەدرێ – دهۆک ناسراوە، بە سێ بەش کاری تێدا دەکرێ و بەردەوامە."
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی دهۆک، بەشی یەکەم شێخان - باعەردێ تاوەکو دەگاتە زاڵگەی باعەردێ بە نزیکەیی تەواو بووە.
پرۆژەی جووتسایدی باعەدرێ - دهۆک درێژیی رێگەکە 26 کیلۆمەترە؛ 600 ئامێری جۆراوجۆر، 1500 کارمەند شەو و رۆژ کاری تێدا دەکەن.
ئەندازیار رێدیر سلێمان خەمۆ دەڵێت، "هەندێک کاری زیادەی هاتە سەر، بۆیە بە تەواوی ناتوانین بڵێین سەتا چەندی تەواو بووە."
ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوەدا، بەشی دووەمی رێگاکە لە زاڵگەی باعەدرێوە بۆ گەلی بریفکان، قۆناخی باشی بڕیوە؛ بڕین و پڕکردنەوە تەواو بووە؛ تێکەڵەی تێدا دانراوە. بەشی سێیەمیشی لە گەلی بریفکان تاوەکو دەگاتە زاڵگەی دهۆکە و ئیشی باشی تێدا کراوە.
بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی رێگەی هەولێر تاوەکو زاخۆ دەبێتە جووتساید.
جووتسایدی باعەدرێ - دهۆک درێژییەکەی 26 کیلۆمەترە. پرۆژەکە لە کۆتایی ساڵی 2024 دەستیپێکرد و بڕیارە بە سێ ساڵ تەواو بکرێت.




.jpg&w=3840&q=75)