رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی یەکشەممەوە، کچێکی نەوجەوان لە شاری هەولێر ونبووە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە. خوشکێکی دەڵێت: "لە کاژێر 10:00ـی دوێنێ شەوەوە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان ون بووە و ئاسایشی هەولێرمان ئاگادار کردووەتەوە."
مەرام شێخ نەبی بۆزان، کچێکی تەمەن 14 ساڵی خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی شاری هەولێرە، خێزانەکەی دەڵێن: "دوێنێ بۆ پشوودان چووبووینە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، کچەکەمان لەوێ ونبووە و تاوەکو ئێستا نەماندۆزیوەتەوە."
ئیمان، خوشکی کچە ونبووەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "خوشکەکەم گوتوویەتی دەچم پیاسە دەکەم و لە خێزانەکەم دوور کەوتووەتەوە، پاش نزیکەی دوو کاژێر، زانیمان ونبووە."
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد. کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیس، گوتی: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام بیستوومانە و بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین."
خێزانەکەی ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان نییە و تەنیا گومان دەکەن ونبووبێت.

.jpg&w=3840&q=75)

