رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، کارەکانی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامن و پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ پڕۆژەکە دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە کارکردن لە رێگەی دووسایدی دەربەندیخان - زەڕایەن قۆناخــێکی زۆر باشی بڕیوە و دەرگاشیان بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری واڵا کردووە.
ئامانج محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو، دوایین پێشهاتەکانی سێکتەری خزمەتگوزاری، گەشتوگوزار و رێگاوبانی لە سنوورەکە خستە روو.
پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی دەربەندیخان؛ ئامێرەکان لە (ئەڵمانیا)وە دەگەن
سەبارەت بە پڕۆژەی هێڵی 2ی ئاوی دەربەندیخان کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و ژیاریی ناوچەکەیە، قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند: (دوای بەدواداچوونی بەردەواممان لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران، پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەر، توانیمان پڕۆژەکە ئەکتیڤ بکەینەوە و کۆمپانیای جێبەجێکار (ئۆهیتان) ماوەی مانگێک زیاترە بە چڕی دەستی بەکار کردووەتەوە.)
ئامانج محەممەد ئاشکرای کرد، پێداویستی و ئامێرەکانی پڕۆژەکە لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەسکەندەناڤیاوە دابین دەکرێن و گوتی: "هەفتەی رابردوو نزیکەی 110 ماتۆڕ، بووستەرپەمپ و غەتاس گەیشتوونەتە موقیعی پڕۆژەکە. هەروەها بڕیارە لە ناوەڕاست تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی داهاتوو، لێژنەیەکی پسپۆڕی حکومەت سەردانی ئەڵمانیا بکات بۆ ئەنجامدانی تێستی ناو کارگە (FAT) بۆ 6 ئامێری گەورە و پەمپە سەرەکییەکان کە لە ئەڵمانیا و چیک دروست دەکرێن؛ تووندوتۆڵکردنی رێکارەکان بۆ ئەوەیە کەرەستەکان بێ کێشە بگەنە کوردستان."
دەربارەی بودجەی پڕۆژەکەش، قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لە رێگەی فرۆشتنی زەویی نایاب لە سلێمانی، بودجەی پێویستی بۆ پڕۆژەکە دابین کردووە و ئێستا بڕە پارەیەک خراوەتە سەر هەژماری کۆمپانیاکە لە بانک. قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی نەبوونی چاککاری لە ساڵانی رابردوودا هێڵە کۆنەکە کێشەی هەبووە، بەڵام بە هەوڵی لۆکاڵیی فەرمانگەکانی شارەکە توانیویانە دابەشکردنی ئاو لە 5 بۆ 6 رۆژ جارێکەوە، کەم بکەنەوە بۆ 3 رۆژ جارێک.
رێگای دەربەندیخان - زەڕایەن؛ گۆڕینی رێگای مەرگ بۆ ژیان
سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای نێوان دەربەندیخان - زەڕایەن، ئامانج محەممەد گەشبینیی خۆی نیشان دا و گوتی: "خۆشبەختانە کۆمپانیای (بێشکان) کە پێشتر دووسایدی کەلار - دەربەندیخانی کردووە، کار لەم پڕۆژەیەشدا دەکات. پڕۆژەکە بەهۆی نەختینەوە وەستابوو، بەڵام دوای هیممەتی جێگری سەرۆکوەزیران و پارێزگاری سلێمانی، پێشینەی دارایی بۆ خەرجکرا و ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە و قۆناخــێکی زۆر باشی بڕیوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە گۆڕینی ئەم رێگایە لە رێگای مەرگەوە بۆ رێگای ژیان."
پلانی ستراتیژی بۆ کەرتی گەشتوگوزار
قایمقامی دەربەندیخان تیشکی خستە سەر پێگەی جوگرافی و گەشتیاریی شارەکە و رایگەیاند کە دەرگایان بۆ سەرجەم وەبەرهێنەران واڵایە. ئەو گوتیشی: "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە پەیوەندیداین؛ بەرنامەمان هەیە کۆنفرانسێکی تایبەت بە گەشتوگوزار لە دەربەندیخان ساز بکەین بۆ ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان."
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهاری ئەم ساڵ سەرەڕای بارانبارین، دەربەندیخان زۆرترین گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە راکێشاوە، بە تایبەت بۆ شوێنانی وەک (دوورگەی ئەسپەکان) و (بان قوین)، ئەمەش جووڵەیەکی گەورەی خستووەتە بازاڕی کاسبکاران و گەنجانی ناوچەکە.
ئامانج محەممەد، داوای لە هاووڵاتییانی دەربەندیخان کرد پاڵپشتیی کارەکانیان بکەن و گوتی: "دەربەندیخان لە رابردوودا بەهۆی ململانێی سیاسی، شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە بەشخوراو بووە و بەڵێنی زۆری پێدراوە کە جێبەجێ نەکراون. ئێمە تەنیا بۆ خزمەت هاتووین، پێویستمان بە هاوئاهەنگیی ئەنجوومەنی وەزیران و متمانەی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی پێکەوە شارەکە پێشبخەین و بیکەینە شارێکی گەشتیاریی نموونەیی و چیدیکە بوار بۆ دواکەوتنی پڕۆژەکان نەمێنێت."
.jpg&w=3840&q=75)


