رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی گلەیی لە کەمیی دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری لە سنوورەکە دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەکە داوا لە کۆمپانیاکان دەکات بۆ وەبەرهێنان روو بکەنە ناوچەکە ''بۆ ئەوەی رێگری لە کۆچی گەنجان بکرێ''.
تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ دۆخی هەلی کار و خزمەتگوزاری لە ناحیەی ئاغجەلەری سنووری قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی کردووە کە دانیشتووانەکەی دەڵێن، ناوچەیەکی ''پەراوێزخراو''ـە.
شڤان کەمال، رۆژنامەڤان و خەڵکی سنووری ئاغجەلەر بە رووداوی راگەیاند، ئاغجەلەر نزیکەی 60 گوندی لەسەرە، بەراورد بە ناوەندی ناحیەکە، دانیشتووانی گوندەکان لە بواری بژێوی ژیانەوە لە دۆخێکی باشتردان، ''بەڵام وەک کارگە و شوێنی کار، هیچ پڕۆژەیەکی گەورە لە سنوورەکە نابینرێ.''
''بەشی زۆری ئەو گەنجانەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن، ئاغجەلەر جێدەهێڵن''
بەگوتەی شڤان کەمال، گوندەکانی ئاغجەلەر بەهۆی ئەوەی لەسەر زێی بچووک هەڵکەوتوون، سەرقاڵی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ماسین، ''بەڵام 90%ـی ئەو گەنجانەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن، ناحیەکە جێدەهێڵن و بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر، روو لە شارەکانی دیکە دەکەن.''
ئەو رۆژنامەڤانە هۆکاری سەرەکیی کۆچی گەنجان بۆ نەبوونی دەرفەتی کار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: ''ئەگەر دامەزراندن هەبێت، بێگومان گەنجان ناحیەکە جێناهێڵن و دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینیش، هەر لەوێ نیشتەجێ دەبن.''
شڤان کەمال پێیوایە، ئاغجەلەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بواری رەخساندنی هەلی کار و خزمەتگوزاری پەراوێزخراوە و گوتی: ''تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکارێکی ئەوتۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە نەگرتووەتەبەر.''
پێشتر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ناحیەی ئاغجەلەر بە پاساوی هەبوونی گەریلاوە لەلایەن سوپای تورکیاوە هێرشی درۆنی کراوەتە سەر. ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، ئێستا لە بواری ئەمنییەوە، هیچ گرفتێکیان نییە و ''پەکەکە لە سنوورەکە نەماوە و خەڵک لە گوندەکانیش گەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان.''
پڕۆژەکان لە سنووری ئاغجەلەر
یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانی دانیشتووانی ئاغجەلەر، کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژی لە ناوچەکە و رەخساندنی دەرفەتی کارە.
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئێستا چەندین پڕۆژە لە سنووری ناحیەکە لە بواری جێبەجێکردندان، لەوانەش ''تێکەڵەڕێژکردنی شەش گوندی ناوچەکەمان هەیە بە درێژیی 27 کیلۆمەتر و گوژمەی 130 ملیۆن دینار کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی چەمچەماڵەوە جێبەجێ دەکرێت و لە قۆناخی کۆتاییدایە.''
هێمن بەهجەت باسی لە خراپیی رێگەی گۆپتەپە-ئاغجەلەر کرد و گوتی، بودجەیەک بۆ باشکردنی رێگەوبانی چەمچەماڵ دابین کراوە و ''ئومێد دەکەین ئێمەش بۆ چاککردنەوەی رێگەکان، تێیدا پشکمان هەبێ.''
وەک بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر دەڵێ، لە بواری تەندروستی، ئاو و کارەباوە کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە و گوتی: ''پار گرفتی کەمیی ئاومان لە هەندێک لە گوندەکان هەبوو، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی بووژانەوەی سەرچاوەکان و زۆریی بارانبارینەوە هەموو رۆژێک لە سەنتەری ناحیە ئاو دابەش دەکەین و لە دوای جەژنیشەوە لە گوندەکان هیچ کێشەیەکی کەمئاوی تۆمارنەکراوە.''
بەگوتەی هێمن بەهجەت، دانیشتووانی ناحیەکە زیاتر سەرقاڵی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ماسین، ''چونکە هیچ کارگەیەک لە سنووری ئاغجەلەر نییە کە دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و وەبەرهێنەران کەمتر روو لە سنوورەکە دەکەن.''
''وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە ئاغجەلەر دروست دەکرێت''
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ رەخساندنی هەلی کار و کردنەوەی پڕۆژە لە سنوورەکە گوتی، دەستەی وەبەرهێنان بە هاوکاریی (کۆمپانیای ماد) بودجەیەکی تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر و رایگەیاند: ''ئێستا لە گوندی کانی بی زەوی بۆ تەرخان کراوە، بەڵام هێشتا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە. هیوادارین پڕۆژەکە ببێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان.''
بەگوتەی هێمن بەهجەت، چەندین پڕۆژەی گەشتیاریی بچووکیشیان لە سنوورەکە خستووەتەگەڕ کە ''هەرچەندە بەپێی پێویست نییە''، بەڵام بووەتە هۆی رەخساندنی هەلی کار.
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر سەبارەت بەو گوتەیەی کە 90٪ـی گەنجانی ناوچەکە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی کۆچ دەکەن دەڵێت، ''راستە بەهۆی نەبوونی کار، کۆچکردن بۆ شارە گەورەکان هەیە، بەڵام ئەو ژمارەیە گەلێک زۆرە و بەتەواوی رەتی دەکەینەوە.''
هێمن بەهجەت رەتی کردەوە گەشەی دانیشتووانی ناحیەکە پێچەوانە بووبێتەوە و گوتی: ''ئێستا نزیکەی 500 خێزان لە ناوەندی ئاغجەلەر نیشتەجێن. دوو ساڵ لەمەوپێش 450 ماڵ بوون، واتا ساڵ بە ساڵ رێژەی دانیشتووان و ژمارەی خانووبەرەکانمان زیاد دەکات.''
''هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت''
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر داوا لە وەبەرهێنەران دەکات بۆ رێگریکردن لە کۆچی گەنجان، روو بکەنە ناوچەکە و وەبەرهێنان بکەن و گوتی: ''ئێمە لە بواری ئاو، زەوی، ناوچەی گەشتیاری، پیشەسازی، ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ماسییەوە شوێنێکی لەبارمان هەیە بۆ وەبەرهێنان.''
هێمن بەهجەت ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەگەر وەبەرهێنەران بێنە ناوچەکەمان، ئەوپەڕی ئاسانکارییان بۆ دەکەین و بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان بە تەواوی پاڵپشتیان دەبین.''
''خزمەتگوزارییەکان کەمن''
بڕیار عەبدولڕەحمان، دانیشتووی سنووری ئاغجەلەر قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ناوچەکە کاتی خۆی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتووە، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە بە تەواوی پەراوێزخراوە.
بڕیار عەبدولڕەحمان رەخنەی لە جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی رێگەوبانی ئاغجەلەر-گۆپتەپە گرت و گوتی: ''رێگەکە هاتووچۆی ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی بەسەرەوەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواونەکراوە و کێشەی هاتووچۆی هاونیشتمانییان لە سنوورەکە بەردەوامە.''
ئەو هاونیشتمانییە کە خۆی پەروەردەی ئایینی لە زانکۆ تەواو کردووە و سەرقاڵی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ماسییە دەڵێت: ''زۆربەی گەنجەکانی ئاغجەلەر زانکۆیان تەواو کردووە، بەڵام بێکارن و ناچارن کرێکاری بکەن.''
بڕیار عەبدولڕەحمان سەبارەت بە کۆچی گەنجان ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەوان ئاغجەلەر جێدەهێڵن، بەڵام پێچەوانەی هەندێک ناوچەی دیکە، کەمتر روو لە ئەورووپا دەکەن و تەنیا بۆ دۆزینەوەی کار دەچنە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان.''
ئەو هاونیشتمانییە پێیوایە، بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنووری ئاغجەلەر و رەخساندنی دەرفەتی کار، دەکرێت رێگری لە کۆچی گەنجان بکرێ، ''بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ پلانێکی بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار لە سنوورەکە نەبووە.''
ناحیەی ئاغجەلەر یەکێکە لە حەوت ناحیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی کە نزیکەی 11 هەزار و 500 دانیشتووی هەیە.



