رووداو دیجیتاڵ
بۆردی داکۆکی لە ماف و ئازادیی رۆژنامەنووسان و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان هۆشداری دەدەنە دەزگاکانی راگەیاندن و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا، کە تاوەکو دەرچوونی بڕیاری کۆتایی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی دۆسیەی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، پێش بڕیاری فەرمی نەکەون.
ئەمڕۆ شەممە، 27ی حوزەیرانی 2026، بۆردی داکۆکی لە ماف و ئازادیی رۆژنامەنووسان و سەندیکای رۆژنامەنووسان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "پاش ئەوەی زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی لەبارەی کەیسی د. عەبدوللـەتیف پێکهێنا، لیژنەکە کارەکانی تەواو کردووە و وردەکارییەکەی نێردراوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری کۆتایی لای وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت، بۆیە داوا لە میدیاکان و دیجیتاڵ میدیا مۆڵەتدارەکان دەکەن "لەژێر هیچ ناوونیشانێکدا بابەتی 'وتی وتی' بڵاونەکەنەوە و پێش بڕیاری فەرمی نەکەون."
سبەی بڕیار دەدرێت
ئەم هۆشدارییەی سەندیکا لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا چارەنووسی دۆسیەکە یەکلایی بکاتەوە. د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا، رۆژی 25ی ئەم مانگە بە رووداوی راگەیاندبوو کە بەهۆی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، هێشتا دۆسیەکەی بە فەرمی نەبینیوە و گوتی، "رۆژی یەکشەممە (سبەی) دۆسیەکە دەکەوێتە بەردەستمان و بڕیاری خۆمانی لەسەر دەدەین."
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ گوشارێکیان لەسەر نییە و "یاسا لەگەڵ مرۆڤ دەجووڵێتەوە، نەک لەسەر باکگراوەند و ناوەکەی." باسی لەوەش کرد کە ئەگەر تۆمەتەکان ساخ ببنەوە، سزاکان لە "دەرکردنی ساڵێک بۆ دوو ساڵ" تاوەکو "دەرکردنی هەمیشەیی لە کەرتی خوێندنی باڵا" دەبن.
دۆسیەی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و یەکێک لە رێبەرانی سەلەفییەکانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە هات کە زنجیرەیەک تۆماری دەنگی و نامە لە نێوان پیاوێک و کچێکدا بڵاوکرانەوە کە دەگوترێت پیاوەکە د. عەبدوللـەتیفە.
ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانیش سکاڵایان تۆمار کردووە و دەڵێن ئەو مامۆستایە "هەراسانی کردوون و وێنەی نەشیاوی بۆ ناردوون."
لە بەرامبەردا، د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد تاوەکو ئێستا هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێ، "بوختان و تەکنیکی ژیریی دەستکردن."
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)