رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی هەناردەی گاز لەلایەن کۆمپانیای دانەگازەوە بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 1000 مێگاوات کەمی کردووە. ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پێدانی کارەبا لە هەولێر و دهۆک دروستکردووە، لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە کارەبا 24 کاژێرییە.
رۆژی چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026، لە روونکردنەوەیەکدا بۆ هاوبەشانی کارەبا، وەزارەتی کارەبا بڵاویکردووەتەوە، "کۆمپانیای دانەگاز بڕی هەناردەی گازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمکردووەتەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 1000 مێگاوات کەمی کردووە."
وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە پەیوەندیدان لەگەڵ کۆمپانیاکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاساییکردنەوەی هەناردەی گاز.
هەولێر و دهۆک؛ بڕانی بەردەوام و بێبەشبوونی هاووڵاتییان
کەمبوونی کارەبای نیشتمانی، بارگرانیی بۆ موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دروستکردووە. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پارێزگای هەولێر بووەتە دوو بەش؛ لە دەرەوەی شار 10 بۆ 12 کاژێر کارەبای موەلیدە دەدەین، لەنێو سەنتەری شاریش گەڕەک هەیە 8 تاوەکو 10 کاژێر و شوێنیش هەیە تەنیا یەک کاژێر و نیو کارەبای پێدەدرێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێ، کێشەی سەرەکی تەنیا کەمیی کارەبا نییە، بەڵکو پچڕانی بەردەوامە، "کارەبای نیشتمانی زۆر کەم بووە، دەپبڕێت و دێتەوە، بەوەش موەلیدەکان ناتوانن کار بکەن و هاووڵاتییان بێ کارەبا دەمێننەوە. داوا دەکەین خشتەیەکی دیاریکراو هەبێت تاوەکو ئەو بڕانە بەردەوامە نەبێتە رێگر لەبەردەم کارپێکردنی موەلیدەکان."
خۆرانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 155 کاژێر کارەبای موەلیدەیان دیاریکردووە و نرخی هەر ئەمپێرێک بە 9 هەزار دینارە.
لە دهۆکیش کارەبای نیشتمانی کەمیکردووە. هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت: "ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژ بوو کارەبا زۆر باش بوو، بەڵام لە دوێنێوە کەم بووەتەوە و بەردەوام پچڕانیش هەیە، دەڵێن کە کێشە لە بەرهەمهێناندا دروستبووە، بۆیە ئێستا موەلیدە ئەهلییەکان بەردەوام کاردەکەن و پێکراون."
سلێمانی و هەڵەبجە؛ 24 کاژێر کارەبا هەیە
بە پێچەوانەی هەولێر و دهۆکەوە، لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە گرفت لە پێدانی کارەبادا نییە. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "هیچ کێشەیەکمان نییە و بەردەوام کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانیمان هەیە، مەگەر گرفتێکی تەکنیکی رووبدات موەلیدە بخەینەکار، ئەگینا کارەبا بەردەوام هەیە و پێویست بە موەلیدە ناکات."
عوسمان محەممەد گوتی، لە هەڵەبجەش بە هەمان شێوە هیچ کێشەیەک لە پێدانی کارەبادا نییە.




