رووداو دیجیتاڵ وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنن، لە ماوەی شەش کاژێر دا توانیویانە بە سەرکەوتوویی بۆریی نوێی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانییەوە ببەستنەوە و دەڵێن، بەهۆی پرۆژەکەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکرێت. رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وەزارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەکانی هەردوو کۆمپانیای کار و داناگاز، لە ماوەی شەش کاژێر دا توانیویانە بە سەرکەوتوویی بۆریی نوێی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی ببەستنەوە." سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پرۆسەکە لەسەر پێدانی کارەبا، لە راگەیێندراوەکە دا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتی کارەبا بە پشتبەستن بە وێستگەکانی دیکە، نەیهێشتووە لە کاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێیەکە و راگرتنی بەرهەمهێنان لە وێستگەی سلێمانی، "کاریگەرییەکی ئەوتۆ بکاتە سەر ماوەکانی پێدانی کارەبا." جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو وەزارەتی کارەبا رایگەیاندبوو کە لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بۆ 08:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی، کارەبای نیشتمانی نابێت، ئەویش بەهۆی بەستنی هێڵی نوێی گاز بە وێستگەکانی کارەباوە، کە بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی بۆ شەش کاژێر دەکوژێنێتەوە. لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆسەکە و نەمانی کارەبای بەشێکی پارێزگای سلێمانی، کارەبای قەزای چەمچەماڵیش بڕا و تاوەکو کاژێر 10:00ـی بەیانی ئاسایی نەبووەتەوە. هەرچەندە قایمقامیەتی چەمچەماڵ داوای لە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان کردبوو تاوەکو هاتنەوەی کارەبای نیشتمانی کار بکەن، بەڵام هاونیشتمانییان بە رووداویان گوت کە موەلیدەکانیش لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە کوژاونەتەوە. لەو بارەیەوە، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارپێکەرەکانی موەلیدەکان تاوەکو بەیانی کاریان بە موەلیدە کردووە و پشوویان نەداوە، بۆیە کارەبایان کوژاندووەتەوە تاوەکو پشوویەک بدەن."
هەواڵە ناوخۆییەکان26-06-2026داهاتی 7 ساڵی باج لە هەرێمی کوردستان 5.4 تریلیۆن دینار بووە؛ 51%ـی لە هەولێر کۆکراوەتەوە
هەواڵە ناوخۆییەکان26-06-2026زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی کەرکووک وەرگیراوە و بۆ بەرهەمی دەرەوەی پلان چاوەڕێی بەغدان