رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی تیروپشکی بۆ چوار هەزار پارچە زەوی کردووە، لەو ژمارەیەش 594 پارچە زەوی بۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی تەرخانکرا.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی پرۆسەی تیروپشکی بۆ بەشێک لەو زەوییانە کردووە کە ئامادەکرابوون و ژمارەیان چوار هەزار زەوی بوو بۆ کۆی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو ژمارەیە 594 پارچە زەوی بۆ کارمەندانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی تەرخانکرا و ناوی سوودمەندبووان هەڵبژێردرا.
بەیانی ئەمڕۆ ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاندبوو: "ئەمڕۆ چوار هەزار پارچە زەوی دابەشکران و بە گشتی تاوەکو ئێستا 27 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون."
ئەو زەوییانەی لەم قۆناخەدا لە سلێمانی دابەشکران کەرتەکانی 1 و 3ـی داربەڕوولە و کەرتی 20ـی بەردەکەڕن، لە کاتێکدا لە قۆناخەکانی پێشوودا زەوی لە سێکتەرەکانی فەرمانبەران، لاوان و سۆتکە دابەشکرابوون.
رۆژی 27ـی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا دەرکرد. رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر، پێشمەرگە یان خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە، دابەشکردنەکەش بە شێوازی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی بەڕێوەدەچێت.


_(1).webp&w=3840&q=75)

