رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کەرکووک وەرگیراوە، یەکلاکردنەوەی بڕی ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین، دەدرێتە دەست لیژنەیەکی بەغدا.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 330 هەزار تۆن گەنمی ناو پلانی کشتوکاڵی لە سایلۆکان وەرگیراون، سایلۆی ناو کەرکووک بەتەواوی پڕ بووە کە 108 هەزار تۆن دەگرێت.
لە یەکی حوزەیرانەوە رادەستکردنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک لە رێگەی چوار سایلۆی سەر بە وەزارەتی بازرگانییەوە دەستی پێکردووە.
عەبدوڵڵا میرویس رایگەیاند، بۆ وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی، خەمڵاندن لەلایەن لیژنەیەکی کشتوکاڵی کەرکووکەوە کراوە بۆ تێکڕای بەرهەمی گەنمی 850 هەزار دۆنمی ناوەوە و دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی کە وەربگیرێت، بەڵام لیژنەیەکی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی کەرکووکیان کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە و هێشتا بڕیاریان نەداوە.
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نزیکەی 410 هەزار دۆنم گەنمی کەرکووک لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە، کە هەر تۆنێکی گەنمەکەی بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێت.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، کشتوکاڵ خەمڵاندنی وابووە 540 هەزار تۆن بەتێکڕا وەربگیرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانی پێیوایە دەبێت 503 هەزار تۆن گەنمی دەرەوە و ناوەوەی پلانی کشتوکاڵی وەربگرێت.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای ئاماری عێراق، پار بڕی ئەو گەنمەی لە کەرکووک بەرهەمهێنراوە و لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە وەرگیراوە، 471 هەزار و 349 تۆن بووە.
ئەو گەنمەی خراوەتە دەرەوەی پلانی چاندنەوە، گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمانە، کە بە پاساوی ئەوەی زەوییەکانیان کێشەی لەسەرە گرفت لە وەرگرتنی گەنمەکەیان دروست بووە.




