رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی کارەبا لە بەشێکی پارێزگای سلێمانی دەبڕدرێ، لە قەزای چەمچەماڵ تاوەکو کاژێر 10:100ـی بەیانی کارەبا ئاسایی نەبووەتەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، پێش نیوەڕۆ ئاسایی دەبێتەوە.
شەوی رابردووو وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: "کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بۆ 08:00ـی بەیانی رۆژی هەینی، کارەبای نیشتمانی نابێت، ئەویش بەهۆی بەستنی هێڵی نوێی گاز بە وێستگەکانی کارەباوە، بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی شەش کاژێر دەکوژێتەوە".
لەگەڵ نەمانی کارەبای بەشێکی پارێزگای سلێمانی، کارەبای قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و تاوەکو کاژێر 10:00ـی بەیانی ئاسایی نەبووەتەوە.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: "سەرجەم موەلیدە ئەهلییەکانی ئاگادار دەکەینەوە، تاوەکو هاتنەوەی کارەبای نیشتیمانی، کار بە موەلیدەکانیان بکەن".
چەند هاونیشتمانییەکی دانیشتووی چەمچەماڵ ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "وێڕای بڕیاری قایمقامیەت، موەلیدەکان لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە کوژاونەتەوە و کارەبای نیشتمانیش نەهاتووەتەوە".
ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارپێکەرەکانی موەلیدەکان تاوەکو بەیانی کاریان بە موەلیدە کردووە و پشوویان نەداوە، بۆیە کارەبایان کوژاندووەتەوە تاوەکو پشووەیەک بدەن".
قایمقامی چەمچەماڵ بەدواداچوونی بۆ نەبوونی کارەبای نیشتمانیی لە سنوورەکەی کردووە و دەڵێت: "کۆنترۆڵی کارەبا ئاگاداریان کردینەوە، پێش کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ هەینی دۆخی کارەبای نیشتمانیی ئاسایی دەبێتەوە".



