رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەیەکی ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور، ژمارەیەک قوتابی بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە یەک پۆلدا ماونەتەوە، ئەمەش نیگەرانیی دایک و باوکانی لێکەوتووەتەوە کە گلەیی لە سیستمی پەروەردە و کەمتەرخەمیی مامۆستایان دەکەن. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی پەروەردە و کارگێڕی قوتابخانەکە هۆکارەکان بۆ کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوو دەگەڕێننەوە، لەوانە کەمیی مامۆستای پسپۆڕ، لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سیستمی پەڕینەوە لە 3 پۆلەکانی سەرەتای خوێندن.
ژیان محەممەد، دایکی دوو کوڕە کە باوکیان لە شەڕی دژی داعش شەهید بووە، چیرۆکی دوو منداڵی دەگێڕێتەوە کە "بوونەتە قوربانیی سیستمی خوێندن". کوڕە بچووکەکەی، ئیسماعیل شوکر، کە لەدایکبووی 2011یە، 5 ساڵە لە پۆلی چواری بنەڕەتی دەرنەچووە و ئەم ساڵ بۆ شەشەمین ساڵ لە هەمان پۆلدا دەمێنێتەوە.
ژیان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "کوڕەکەم پیتەکان دەناسێتەوە و خوێندنەوەی باشە، بەڵام دەرناچێت. داوام لە بەڕێوەبەری قوتابخانە کرد بیگەڕێنێتەوە بۆ پۆلی یەک بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە فێرببێت، بەڵام گوتی سیستم رێگە نادات."
ئەمە تەنیا کێشەی ئیسماعیل نییە. ئیبراهیمی برای، دوای ئەوەی 5 ساڵ لە پۆلی چواردا مایەوە، وازی لە خوێندن هێنا. ژیان دەڵێت: "ئیبراهیم گوتی 'ئیتر گەورە بووم و شەرم دەکەم لەگەڵ منداڵان دابنیشم' و وازی هێنا. چوومە پەروەردە، پێیانگوتم با تاقیکردنەوەی دەرەکی بکات، بەڵام مامۆستاکان گوتیان یارمەتی نادەین."
ژمارەیەک لە دایک و باوکان هۆکاری سەرەکیی لاوازیی ئاستی منداڵەکانیان بۆ سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێننەوە.
شوان، باوکی قوتابییەکی دیکەیە لە هەمان قوتابخانە، بە رووداوی گوت: "کوڕەکەم لە 2019 لە پۆلی یەک بوو، بەهۆی کۆرۆناوە راستەوخۆ بۆ پۆلی سێ بەرزکرایەوە و هیچ فێرنەکرا. ئێستا سێ ساڵە لە پۆلی چوار دەرناچێت و یەک پیت نازانێت."
جەلال محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دیبەگەی بنەڕەتیی کوڕان، لە (بەرپرسیار) دانی بەو کێشەیەدا نا و گوتی: "کێشەی سەرەکیی پۆلی چوار و لاوازیی ئاستی قوتابی لە هەموو قوتابخانەیەک هەیە، هۆکارەکەشی سیستمی پەڕینەوەیە لە پۆلەکانی 1 و 2 و 3، کە قوتابی فێربێت یان نا، دەردەچێت."
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ئاماژەی بە کەمیی مامۆستای پسپۆڕیش کرد و گوتی: "مامۆستای وەرزش وانەی زانستی گوتووەتەوە و مامۆستای کوردییش وانەی زانست. من خۆم وەک بەڕێوەبەر 4 وانەم هەیە، بەڵام 11 وانە دەڵێمەوە بۆ ئەوەی وانەکان بە فیڕۆ نەچن."
ئەو هەروەها باسی لەوە کرد، هەوڵی زۆری داوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەکە و رێژەی دەرچوونی لە 41%ـەوە بۆ 65% بەرزکردووەتەوە، بەڵام دان بەوەشدا دەنێت کە "کەمتەرخەمی لە هەردوولایە، هەم لە ئێمە و هەم لە دایک و باوکانیش کە هەندێکجار تەلەفۆنیان بۆ دەکەین و بەدەممانەوە نایەن."
پەروەردەی مەخموور بۆ ئەو بابەتە هاتە سەر هێڵ. د. سیروان حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور، لە (بەرپرسیار) گوێی لە داواکاریی دایکی ئیسماعیل بوو، گوتی: "دەرگامان کراوەیە بۆ ژیان خان، بەڵام پێویست ناکات ئەو بێت، من خۆم سەردانی ماڵەکەیان دەکەم و لە نزیکەوە گوێ لە کێشەکانیان دەگرم."
د. سیروان، داواشی کرد کە ئیبراهیم، کوڕە گەورەکەی ژیان، بگەڕێتەوە بۆ خوێندن و بەڵێنی هەموو هاوکارییەکی پێدا.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور دانی بەوەدا نا کە "کێشەی پسپۆڕییان هەیە، نەک میلاک (ژمارەی مامۆستا)" و گوتی: "مەخموور ناوچەیەکی گەرمی ململانێ سیاسییەکان بووە و ئەمە کاریگەریی لەسەر هەموو سێکتەرەکان، بە خوێندنیشەوە، هەبووە."
د. سیروان، پلانی ستراتیژیی پەروەردەکەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئاشکرا کرد کە خۆی لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی، چارەسەرکردنی کێشەی پسپۆڕی و دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی مامۆستایان دەبینێتەوە. جەختیشی لە "سێکوچکەی فێربوون" کردەوە کە "مامۆستا، خێزان و پڕۆگرام"ـە و رایگەیاند، هەر کەموکورتییەک لەم سێکوچکەیەدا هەبێت، پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت.


.jpg&w=3840&q=75)