رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین روونکردنەوەیەک لەبارەی کێشەی نێوان پۆلیسێکی هاتووچۆ و چەند کارمەندێکی ئاسایش دەدات و دەڵێت: هەموو ئەوانەی لە کێشەکەدا بوون دەستگیر کراون.
رۆژی چوارشەممە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (هۆندا ئەڤانتی) بێ سەرەتا، کە پێنج سەرنشینی تێدابووە، لە ترافیک لایتی ناو شاری قەڵادزێ سەرپێچی دەکات و بە گڵۆپی سووردا تێدەپەڕێت. کارمەندێکی هاتووچۆ کە لەوێ لە ئەرکدا بووە، بە مۆبایلەکەی وێنەی سەرپێچییەکە دەگرێت بەمەبەستی تۆمارکردنی.
دوای وێنەگرتنی سەرپێچییەکە، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزن و خۆیان وەک کارمەندی "ئاسایشی راپەڕین" دەناسێنن. بەهۆی ئەمەوە مشتومڕ و گرژی لەنێوان هەردوولا دروست دەبێت، کە دواتر دەگۆڕێت بۆ پەلاماردانی جەستەیی. لە ئەنجامی گرژییەکەدا، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دەمانچە و مۆبایلی کارمەندەکەی هاتووچۆیان وەرگرتووە.
ئیدارەی راپەڕین ئەمڕۆ پێنجشەممە روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوای ئاگادارکردنەوەمان دەستبەجێ لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین قسە کراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەرو هەموو ئەو کەسانەی لە کێشەکەدان دەستگیرکراون".
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەڵێت، "بڕیارە رۆژی یەکشەممە دوای کردنەوەی دەوامی فەرمی لەبەردەم دادوەر ئامادەبن بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و بە سزا گەیاندنی سەرپێچیکاران و کەسیش لە سەروو یاساوە نییە".
.jpg&w=3840&q=75)


