رووداو دیجیتاڵ
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بەوەی رۆژی چوارشەممە، لە کێشەیەکی زەوی و زاردا، کەسێکی کوشتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لە گەڕەکی پەنجاعەلیی شاری کەرکووک، بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە، شەڕەتەقە لەنێوان دوو خێزان دروستبوو؛ کەسێک کوژرا و چواری دیکەش بریندار بوون. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێ:"بکوژەکە دەستگیرکراوە و گەڕان بەدوای کەسێکی دیکە بەردەوامە".
شوانی بە رووداوی گوت، کێشەکە لەسەر زەوییەکی زیادەڕۆ بووە کە لایەنێکیان نزیکەی 7 ساڵە کڕیویەتی، بەڵام لایەنی بەرامبەر هاتوون و گوتوویانە زەوییەکە موڵکی ئەوانە. لە ئەنجامی شەڕەکەدا، خاوەنی زەوییەکە بریندار بووە و براکەشی کوژراوە، هەروەها کەسێکی ناوبژیوان و 2 کەس لە لایەنی بەرامبەر بریندار بوون.
لەبارەی دەستگیرکردنی گومانلێکراوان، عامر شوانی گوتی: "بکوژەکە رایکردبوو و لەلایەن ئاسایشی چەمچەماڵەوە دەستگیر کرا و گەڕان بەدوای تۆمەتبارێکی دیکەشدا بەردەوامە کە ئەویش بریندارە."
گەرمیان قادر، کوڕی کوژراوەکە، رۆژی چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، باوکی و مامی زەوییەکیان لەو گەڕەکە کڕیوە، بەڵام چەند کەسێک ویستوویانە زەوییەکە داگیر بکەن و تەقەیان لێکردوون.
بەپێی زانیاریی کەسوکارەکەی، کوژراوەکە ناوی قادر مەعرووفـە و لەدایکبووی ساڵی 1966ـە، کەمئەندام بووە و لە رووداوەکەدا 13 گوللـەی بەرکەوتووە. هەروەها براکەشی بە ناوی سەلام، لەو شەڕەدا بریندار بووە.



