رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی نزیکەی 10 گەڕەک و گوند لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، بەهۆی دووکەڵی رەش و بۆنی ناخۆشی کارگە پیشەسازییەکانەوە، هەراسان بوون و دەڵێن مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە.
رۆژی 25ـی حوزەیرانی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات، کاروان کەریم، چالاکڤانێکی ژینگە کە دانیشتووی گەڕەکی ناوگردانی سلێمانییە گوتی: "ناوچەی تانجەرۆ گرفتی ژینگەیی زۆری تێدایە و پێویستی بە چارەسەرکردنی خێرا هەیە. من کە خۆم ماڵم لە ناوچەکەیە سەرپێچیی ژینگەیی کارگەکان دەبینم، جگە لە بۆنی کارگەکان، رۆژانە بۆنی سووتەمەنی دەکەین و لەو کۆگا و عەمبارانەی سووتەمەنییان تێدایە، دەیان جاریش بەهۆی بۆنی ناخۆشەوە نەمانتوانیوە بخەوین، ناشتوانین موبەریدە بەکار بهێنین، چونکە بۆنەکە لەنێو ماڵەکانمان زیاتر دەبێت."
بە گوتەی کاروان کەریم، جگە لە پیسبوونی هەوا، بەشێک لە کارگە و شوێنە پیشەسازییەکان هۆکارن بۆ پیسبوونی خاک، لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێت: "منداڵ هەیە لە نزیک ماڵی ئێمە بەهۆی دووکەڵ و بۆنی ناخۆشەوە، تووشی نەخۆشیی سییەکان بوون. جگە لەوەش ئاوی رووباری تانجەرۆ پیس بووە و ئاوی ژێر زەویش بەرەو پیسبوون دەچێت."
زۆرینەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی وەک (تانجەرۆ یەک، دوو و سێ، ناوگردان، ئالیاوە، هوانە، ژاڵەی سەروو و خواروو، و بەردەکەڕ) خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتن. ئەوان بەهۆی هەژارییەوە لەنێو ژینگەیەکی پیس دا ماونەتەوە.
ئاڵتوون محەممەد، کابانی ماڵە، بە رووداوی گوت: "بۆن و دووکەڵەکە هەموومانی تووشی نەخۆشیی رەبوو (تەنگەنەفەسی) کردووە، لە تاو بۆنی پیس و ژەهراوی، لەم گەرمایە دا ناوێرین موبەریدەش بەکار بهێنین، چونکە بۆنەکە راستەوخۆ دەهێنێتە نێو ژوورەکانمان."
هاووڵاتییانی ناوچەکە بێهیوایی خۆیان لە دۆخەکە دەردەبڕن و داوا دەکەن ئەگەر کارگەکان لانابرێن، حکومەت ئەوان قەرەبوو بکاتەوە و بیانگوێزێتەوە. نەسرین محەممەد، دانیشتووی گوندی جەزا جاف دەڵێت: "حاڵمان نەماوە بەدەست ئەم بۆن و دووکەڵەوە، باشە با کارگەکان هەر لە شوێنی خۆیان بن، بەڵام ئێمە لێرە بگوازنەوە."
هاوکات، هەژار مەحموود کە دانیشتووی ناحیەی تانجەرۆیە، دەڵێت: "ئەو بۆنە ناخۆشەی بەسەر ئێمە دا دەکرێت، ئەگەر ئەمریکا بەسەر ئێران دا بیکردایە، ئێستا ئێران نەمابوو." هەروەها هونەر رەحمان کە شۆفێری تاکسییە، ئاماژە بە سەختیی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "دەستێک لە ئۆتۆمبێلەکەی من بدە، بزانە بۆنی سەگی تۆپیوی لێ دێت یان نا، ژیانمان لێرە بووەتە دۆزەخ."
دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچییە ژینگەییەکان، پشت بە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە دەبەستێت. دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی کوردستان دەڵێت: "لیژنەکانی ئێمە بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی تۆمارکردنی ئەو کارگە و شوێنانەن کە سەرپێچیی ژینگەیی دروست دەکەن."
رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە، بە گوێرەی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە کە ساڵی 2008 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بۆ ئەو شوێنانەی ژینگە پیس دەکەن بەم شێوازەیە:
ئاگادارکردنەوەی سەرپێچیکار بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان لە 10 رۆژ دا
درێژکردنەوەی ماوە بۆ سەرپێچیکار 1–3 مانگ
سزادان بە پێبژاردن
لە کاتی ملنەدان بۆ پێبژاردن، سزا دەبێتە دوو هێندە
داخستنی پڕۆژە
پابەندکردنی سەرپێچیکار بە قەرەبووی زیانە ژینگەییەکان
سزای پڕۆژە پیشەسازییەکان لە کاتی پیسکردنی ژینگە دا بەم شێوازەیە:
نەبوونی مۆڵەت: 2 – 5 ملیۆن دینار
نەبوونی سەوزایی یان لەبری سەوزکردن: 750 هەزار دینار
چارەسەرنەکردنی ئاوەڕۆ: 3–5 ملیۆن دینار
فڕێدانی پاشماوە: 3–5 ملیۆن دینار
نەبوونی فلتەری هەوا: 4–5 ملیۆن دینار
موەلیدە:
ژاوەژاو: یەک ملیۆن دینار
دووکەڵ: یەک ملیۆن دینار
پیسبوونی دەوروبەری موەلیدە: یەک ملیۆن دینار
فڕێدانی پاشماوەی مەترسیدار: 5–10 ملیۆن دینار


