رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی ئامێری راکێشانی پارە (ATM)ی تایبەت بە بانکی جیهان لە قەزای ئاکرێ، مووچەخۆرانی ئەو سنوورەی تووشی گرفت کردووە. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، بە نووسراوی فەرمی داوای دانانی ئامێریان کردووە.
ئەو فەرمانبەرانەی قەزای ئاکرێ کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" بانکی جیهانیان بۆ هەڵبژێردراوە، دەڵێن بەهۆی نەبوونی ئامێری ئەو بانکە لە شارەکەیان، بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان ناچارن بچنە شارەکانی دیکە.
رەشید حامد، فەرمانبەر لە قەزای ئاکرێ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "من هەژمارەکەم لەسەر بانکی جیهانە، بەڵام هیچ ئامێرێکی ئەو بانکە لە ئاکرێ نییە. هەموو مانگێک لە کاتی مووچەدا تووشی گرفتی گەورە دەبین؛ یان دەبێت بچینە دهۆک و هەولێر، یان لە ئامێری بانکەکانی دیکە پارە رابکێشین کە تێچووی دارایی زیاترە و مەترسیی قوتدانی کارتەکانیشمان هەیە."
ئەو مووچەخۆرانە داوا دەکەن یان ئامێری تایبەت بە بانکەکەیان بۆ دابنرێت، یان رێگەیان پێبدرێت هەژمارەکانیان بگوازنەوە بۆ بانکێکی دیکە کە لە ئاکرێ ئامێری ATMی هەبێت.
لەسەر ئەم بابەتە، د. دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوان لە کێشەکە ئاگادارن و گوتی: "نووسراوی فەرمیمان بۆ تیمی پڕۆژەی 'هەژماری من' کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە ئامێری نوێ دابنێن. هەروەها بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە بانکی جیهانیش ئامێری ATM لە ئاکرێ دابنێت بۆ ئەوەی گرفتی مووچەخۆران چارەسەر ببێت."
بەپێی رێنماییەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"، پێویستە بۆ هەر هەزار بەشداربوویەکی پڕۆژەکە، یەک ئامێری ATM لە ناوچەکەدا دابنرێت. دانیشتوانی ئاکرێ چاوەڕێن بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن و کۆتایی بەو گەشتە دوورودرێژانە بهێنرێت کە مانگانە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان دەیکەن.


