رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆ بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و خۆی بە کرێکارێک و سێ ئۆتۆمبێلدا کێشا؛ بەهۆیەوە کرێکارەکە گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە" روویداوە.

ئەمیر عەلی، گوتی: "بارهەڵگرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و کرێکارێکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شێلاوە، لە ئەنجامدا کرێکارەکە گیانی لەدەستداوە."

بە گوتەی ئەمیر عەلی، کرێکارەکە لە کاتی رووداوەکەدا سەرقاڵی پاککردنەوە بووە. بارهەڵگرەکە جگە لە کرێکارەکە، خۆی بە سێ ئۆتۆمبێلی دیکەشدا کێشاوە، کە دووان لە ئۆتۆمبێلەکان وەستابوون.
لەبارەی تەندروستیی بریندارەکان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی زاخۆ گوتی، چوار بریندارەکە فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ کراوە و ئێستا تەندروستییان باش و جێگیرە.



