رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی گوندێکی هەولێر دەڵێن، 15 تاوەکو 80 ملیۆن دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە. جووتیارێک دەڵێت: "داوا لە جەنابی سەرۆکوەزیران دەکەین هاوکاریمان بکات".
هەڵمەت یونس، جووتیار لە گوندی گەڕەسۆر لە سنووری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 100 جووتیارین، هێندە پارەی کارەبامان بۆ گەڕاوەتەوە، کە ئەگەر بەردەوام بێ، هەموومان دەستبەرداری کشتوکاڵ و کارەکانمان دەبین".
ئەو جووتیار دەڵێت: "لەسەر سێ دۆنم زەوی، جگە لە گەنم، سێ حەوزی ماسیم هەیە، وێڕای هەبوونی پێوەری زیرەکی کارەبا، بە خەمڵاندن پارەی کارەبام بۆ هاتووەتەوە، کە 38 ملیۆن و 972 هەزار دینارە، لەکاتێکدا ساڵی 2023 پارەی کارەبامان سفر کردبووەوە".
هەڵمەت یونس وەکو خۆی باسی دەکات، دەرچووی کۆلێژی یاسایە و دەڵێت: "دامەزراندن نەبوو دەستم کرد بە کاری کشتوکاڵی و مەڕداری، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنممان 40 تۆنە؛ هەمووی بفرۆشین نیوەی پارەی کارەباکە ناکات".
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەکرد، لە گوندەکەیان جووتیار هەیە 80 ملیۆن دینار پارەی بۆ هاتووەتەوە، هەیە 15 ملیۆن دینار؛ داوای لە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکارییان بکەن و گوتی: "تەنیا ئومێدمان بە جەنابیان هەیە، رەنگە ئەو ئاگاداری ئەو دۆخە نەبێ کە جووتیارانی هەولێری تێیکەوتوون".
بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری دۆخەکەین، بەڵام کارەبای هەولێر و کارگێڕیی هەولێر ناتوانن دەستکاری ئەو نرخانە بکەن و پەیوەندی بە وەزارەتی کارەباوە هەیە".
رووداوە پەیوەندی بە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵ و دابەشکردنی کارەبای هەرێمی کوردستانە و بەرپرسانی باڵای پڕۆژەی رووناکی کرد، بەڵام بەردەست نەبوون.

