رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەدیان رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە. وەزیریش دەڵێت، یەکشەممە کاری لەسەر دەکات و بڕیاری لەبارەوە دەدات.
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، لەبارەی دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و رێبەری سەلەفییەکانی هەرێمی کوردستان، بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداوی رایگەیاند: "لیژنەی زانکۆی سلێمانی دۆسیەکەیان بۆ ناردووین".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "زانکۆی سلێمانی دوێنێ بە فەرمی دۆسیەکەیان ناردووە بۆ وەزارەتمان، من لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بووم و لە زانکۆ نەبووم، بۆیە بە فەرمی نەگەیشتووەتە دەستی من".
بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دۆسیەکە د. ئارام محەممەد گوتی: "دەبێت دۆسیەکە بگاتە نووسینگەی من و بێتە بەردەستم، دواتر لە رۆژێکی کاردا بتوانین بڕیاری لەسەر بدەین".
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، "رۆژی یەکشەممە دۆسیەکە دەکەوێتە بەردەستمان و دەبێتە یەکێک لەو کارانەی کە دەبێت جێبەجێی بکەین".
سەبارەت بە بڕیاری وەزارەت لە بارەی دۆسیەکە، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "سەیری ئەنجام دەکەین، لیژنەکە یەکسان و دادپەروەر بوون، کە گەیشت لای ئێمەش بڕیاری خۆمانی لەسەر دەدەین.
هەندێک لایەن لە دەرەوەی لیژنەکە قسەیان لەسەر دۆسیەکە کردووە، د. ئارام محەممەد لەو بارەیەوە گوتی: "پسپۆڕی زۆر لە زانکۆکان هەن، دۆسیەکە کاری ئەوە نییە گۆرانیبێژێک یان هەر کەسێک لای خۆیەوە بڵی دەنگە بڵاوکراوەکەان راستن یان ژیریی دەستکردن".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی دەگوترێت گوشار لەسەر وەزیر هەیە بۆ دۆسیەکە د. ئارام محەممەد گوتی، هیچ گوشارێکیان لەسەر نییە "یاسا لەگەڵ مرۆڤ دەجووڵێ نەوەکو لەسەر باکگراوند و ناوەکەی، دۆسیەکە لەچوارچێوەی یاسادا هەرچی بێ هیچ تایبەتمەندییەک لەبەرچآو ناگیرێ؛ دکتۆر عەبدوللەتیفیش تاوەکو ئێستا تۆمەتبارە، لیژنە و دادگە تۆمەت دەکاتە تاوانبار".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی، هیچ کەس پەیوەندی نەکردووە بۆ گوشارکردن لەسەر دۆسیەکە، بەڵام نەیشاردەوە "خەڵک پەیوەندی بۆ داواکاری جیاواز دەکەن؛ خەڵک بەو رووداوە هەژاوە و پێویستی بە ئارامکردنەوە هەیە. متمانەی مامۆستایان؛ دڵنیایی خوێندکاران و کەسوکاریان بۆ ئێمە زۆر گرنگە".
لەبارەی سزادانی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "یاسا و لیژنە سزاکە دیاری دەکەن، دەرکردن و یان دابڕان لە سلکی خوێندنی باڵا، دەرکردن هەیە ساڵێک بۆ دوو ساڵە و هەیە هەمیشەیی".
د. ئارام محەممەد رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەو بڕیاری لەسەر دۆسیەکە دا، زانکۆی سلێمانی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی سلێمانی دەکات.
تۆمەتەکانی سەر د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لەلایەن چەند خوێندکارێکی کۆلێژەکەی خۆیەوە بووە لە زانکۆی سلێمانی، کە دەڵێن، لە رێگەی مۆبایلەوە "وێنەی نەشیاوی بۆ ناردوون و قسەی نەشیاوی" لەگەڵدا کردوون، تاوەکو ئەمڕۆ د.عەبدوللەتیف ئەحمەد هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێ.


