رووداو دیجیتاڵ
بازگەی کەرکووک رێگرە لە هەناردەی پیازی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەغدا پابەندی یەکخستنەوەی رۆژژمێری کشتوکاڵیی نێوانیان نییە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەسەر هێڵن، بەڵام بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەروبوومە خۆماڵییەکان پێگەیشتوون، بەڵام بەهۆی زۆریی بەرهەمەکانەوە، فرۆشیان باش نییە.
بەگوتەی رەجەب حاجی عەزیز، بەشێک لە بەرهەمەکان وەک پەتاتە هەناردەی عێراق دەکرێ، بەڵام لە بازگەی کەرکووک-هەولێر، رێگری لە هەناردەی پیاز بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەن.
وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی، پاساوی بازگە عێراقییەکە بۆ رێگریکردن لە تێپەڕینی پیازی هەولێر ئەوەیە کە بەرهەمەکە خۆماڵی نییە و لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ، بەڵام رەجەب حاجی عەزیز رەتیدەکاتەوە هیچ بەرهەمێک لە ئێرانەوە هاوردە کرابێت و سەرجەم بەرهەمەکانیان خۆماڵین.
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەشڵێت، سەبارەت بە کێشەی هەناردەکردنی پیاز لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
''وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی پێچەوانەی رێککەوتنی نێوانمان کار دەکات''
د. قارەمان قادر مەولوود، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رێگریکردن لە هەناردەی پیازی هەولێری بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و گوتی، هەرێمی کوردستان پابەندە بە یەکخستنی رۆژژمێری کشتوکاڵیی نێوانیان لەگەڵ عێراق و بە یەک بازنە مامەڵە لەگەڵ بەروبوومی کشتوکاڵی دەکات، بەڵام عێراق پێچەوانەی رێککەوتنەکە کار دەکات.
بە گوتەی د. قارەمان قادر، بەگوێرەی رێککەوتنێک کە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەروبوومی نێوەڕاست و خوارووی عێراق هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێ، ''بەڵام بەرهەمەکانی ئێمە کە هەناردەی عێراق دەکرێن، بە پاساوی ئەوەی نووسراوی فەرمیی ئەو شوێنەیان لەگەڵ نییە کە لێیەوە هەناردە کراون دەڵێن بە بەرهەمی ئێرانی دەچێت و رێگە بە تێپەڕبوونیان نادەن، ئەوەش لە دەرەوەی ئەو رێککەوتنەیە کە هەمانە.''
ئەندامانی لیژنەی باڵای تەکنیکیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە لەسەر هێڵن. وەک گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، مانگی پێنج لیژنەکە نووسراوێکی لەوبارەوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
نرخی بەشێک لە بەرهەمە خۆماڵییەکان لە عەلوەی هەولێر
رەجەب حاجی عەزیز نرخی بەشێک لە بەرهەمە خۆماڵییەکانی عەلوەی هەولێری بۆ رووداو خستەڕوو کە پێگەیشتوون و گوتی، ئێستا هەر کیلۆیەک شووتی بەپێی کوالێتییەکەی 250 بۆ 400 دینارە.
هەروەها لە هەولێر پیاز زیاترە لە خواستی نێوخۆیی و نرخەکەی لە عەلوە لەنێوان 200 بۆ 300 دینارە.
هەرچی کاڵەک و پەتاتەیە، نرخەکانیان لەنێوان 300 بۆ 400 دینارە و هەر کیلۆیەک باینجان بە 350 بۆ 450 دینار دەفرۆشرێت.
نرخی هەر کیلۆیەک تەماتەش لە عەلوەی هەولێر دابەزیوە و 200 بۆ 300 دینار دینارە.
''رۆژانە نزیکەی 600 تۆن بەرهەمی خۆماڵی دێتە نێو عەلوەی سلێمانی''
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی سەبارەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی سنووری پارێزگاکە بە رووداوی گوت: ''دۆخی بازاڕ خراپە، چونکە بەرهەمەکانمان زۆرن و هیچ هەناردەیەکیش بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق نییە.''
بەگوتەی سەروەر عەلی هۆکاری نەبوونی هەناردە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش بەرهەمە خۆماڵییەکان پێگەیشتوون و ئامانجیانە بازاڕی بەرهەمەکانی خۆیان بپارێزن.
وەک بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، رۆژانە 500 بۆ 600 تۆن بەرهەمی خۆماڵی دێتە نێو عەلوەکە و هەوڵی ساخکردنەوەی دەدرێت.
نرخی بەشێک لە بەرهەمە خۆماڵییەکان لە عەلوەی سلێمانی
بەگوتەی بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، هاوشێوەی هەولێر، نرخی هەر کیلۆیەک شووتی بە 250 بۆ 400 دینارە.
هەروەها بەراورد بە هەولێر، نرخی پیاز لە سلێمانی نزیکەی 50 دینار گرانترە، هەر کیلۆیەک لە بەرهەمە خۆماڵییەکە 250 بۆ 350 دینارە. نرخی کیلۆیەک کاڵەک کەمترە لە 450 دینار و پەتاتەش بە 300 بۆ 350 دینارە.
هەرچی نرخی باینجانە لە عەلوەی سلێمانی، 250 بۆ 300 دینارە و کیلۆیەک تەماتەش بە 300 بۆ 350 دینارە.
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، هیچ بەرهەمێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە هاوردە ناکرێ، ''چونکە بەرهەمی نێوخۆییمان زۆرە و بەرهەمی ئەوانیش گران دەکەوێت و بازاڕی نابێت.''
''تەماتەی عێراقی کاریگەری لەسەر نرخی بەرهەمی خۆماڵی داناوە''
بارزان تەحسین، لە عەلوەی دهۆک گوتی، رۆژانە 40 بۆ 50 بارهەڵگر بەرهەمی خۆماڵی دەگاتە عەلوەکە و ساخ دەکرێتەوە.
بەگوتەی بارزان تەحسین رۆژانە 10 بۆ 12 بارهەڵگر تەماتەی عێراقیش لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردە دەکرێ کە کاریگەریی لەسەر نرخی تەماتەی خۆماڵی داناوە.
وەک ئەو دووکاندارە دەڵێت، نرخی هەر کیلۆیەک تەماتەی عێراقی بە 250 دینارە، بەڵام نرخی تەماتەی خۆماڵی بە کوالێتییەکی باشتر دەگاتە 400 بۆ 500 دینار، ''ئەوەش کاریگەریی لەسەر بازاڕ و دابەزینی نرخی تەماتەی خۆماڵی هەبووە.''
بارزان تەحسین ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا هیچ لە دهۆکەوە بەرهەمێکی خۆماڵی هەناردەی خواروو و نێوەڕاستی عێراق ناکرێ، ''چونکە بەرهەمەکان لەوێش پێگەیشتوون و سەرنجیان زیاتر لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی خۆیانە.''
نرخی بەشێک لە بەرهەمە خۆماڵییەکان لە عەلوەی دهۆک:
نرخی کیلۆیەک شووتی لە دهۆک بە 250 بۆ 350 دینارە.
نرخی کیلۆیەک پیاز لەنێوان 250 بۆ 400 دینارە.
نرخی هەر کیلۆیەک کاڵەک دەگاتە نزیکەی 450 دینار.
پەتاتە نرخەکەی لە نێوان 350 بۆ 500 دینارە.
کیلۆیەک باینجان بە 250 بۆ 350 دینارە.



