رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا دەکات. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، شاندەکە گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی جێبەجێکردنی سیستمەکە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزیرانی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئەو وەزارەتانەی دیاریکراون نوێنەرێکیان لە شاندەکەدا ئامادە دەبێت. گوتیشی: "گرنگترین پرسی شاندەکە سیستمی ئەسیکۆدا دەبێت، کە چۆن رێکارەکانی جێبەجێ بکرێت، گفتوگۆکانیش لەسەر ئەو بابەتە دەبن."
ئەم سەردانەی شاندەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دەستەی گومرگی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، ناوخۆ، بازرگانی و پیشەسازی، دەستەی وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی راسپارد بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ.
هاوکات سەرچاوەیەک لە گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەدا بەشدار دەبێت و گفتوگۆکان لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بەردەوام دەبن.
رۆژی 18-6-2026، شاندی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە پرسی گومرگ، لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
لەمبارەیەوە 20-6-2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکەین لە سەرەتای مانگی 8ی داهاتووەوە، مەشقپێکردنی کارمەندەکان و رێکارە کردەییەکانی سیستمەکە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، ئەمەش هەنگاوێکی مێژووییە بۆ یەکخستنی کاروباری گومرگی و رێگری لە سەرپێچییەکان."

