رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 20ـی ئەم مانگە زەنگی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان لێدەدرێت، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، 36 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە و زیاتر لە 20 قوتابخانەش لە کەرەڤانە دروستکراون یان بەشێکی کراوە بە کەرەڤانە.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە 17 قوتابخانە لە سنووری سلێمانی لە کرێدان، 36یش کە مەترسیی رووخانیان لەسەرە بەتەواوەتی چۆڵکراون، هاوکات 38 قوتابخانەش بەتەواوی یان بەشێکی بە کابینە (کەرەڤانە) دروستکراون و وانەیان تێدا دەگوترێتەوە."
نەژاد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد: "سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواو کردووە، بۆ ئەم ساڵ لە سنووری پەروەردەی سلێمانی هەزار و 412 قوتابخانە هەن، کە 272یان دوو دەوامین و یەکێکیشیان سێ دەوامی تێدا دەکرێت."
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 20ـی ئەم مانگەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە. بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان کتێبی وانەکانمان دابەشکردووە و بەشێکی زۆری کورسیی دانیشتنی قوتابییانیش گۆڕدراوە."
سەبارەت بە هاتنی وەرزی سەرما و دابینکردنی سووتەمەنی، نەژاد عەبدوڵڵا زیاتر گوتی: "بڕی پێویست بۆ هەموو قوتابخانەکان دابینکراوە."
بۆ ئەم ساڵی خوێندن، رێکخراوی یونسێف نۆژەنکردنەوەی دوو هەزار مێز و کورسیی قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانی لە ئەستۆ گرتووە، هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەکەش سوپاسی خێرخوازان و کەسوکاری قوتابییانی کرد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی بەردەوام بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
لە ساڵی 2025ـدا دوو هەزار و 50 مامۆستا لە سنووری سلێمانی خانەنشین کراون، بەگوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، لە دەرەوەی شار بۆشاییەکی زۆر لە میلاکاتی مامۆستایاندا دروستبووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، پار 429 هەزار و 852 قوتابی هەبوون و 43 هەزار و 956 مامۆستاش وانەیان گوتووەتەوە، هاوکات 6 هەزار و 730 مامۆستای گرێبەست هەن.



