رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی گەیاندن (دلیڤەری) لەبارەی شکاندنی کێربستۆنی شەقامەکان و تێکدانی سەوزایی لەلایەن ماتۆڕسوارەکانیانەوە، هاوکات رایدەگەیێنێت، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکاندا، ماتۆڕسکیلەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و کۆمپانیاکانیش دەدرێنە دادگە.
رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی گەیاندنی خێرا بڵاویکردووەتەوە، ماوەیەکە دیاردەیەک لە سنووری شاری هەولێر بەدی دەکرێت کە ماتۆڕسکیلەکانی تایبەت بە گەیاندنی خواردنی خێرا، لەبری ترافیکەکان و یوتێرنە یاساییەکان، خۆیان کێربستۆنی دوورگە ناوەندییەکانی شەقامەکانی بەرامبەر چێشتخانەکانیان شکاندووە بۆ ئەوەی لێیانەوە بپەڕنەوە، هەروەها رێڕەوی رۆیشتنیان لەسەر شۆستە و سەوزایی نزیک ترافیک لایتەکان دروستکردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی شارەوانی، ئەو کارە جگە لەوەی نایاسایی و رێگەپێنەدراوە و دەبێتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و جووڵەی هاتووچۆش، لە هەمان کاتدا هۆکاری تێکدانی شۆستە، کێربستۆن، دار و درەخت و سەوزایی نێو شارە، کە لەلایەن شارەوانییەوە بە مەبەستی جوانکردنی سیما و ژینگەی شاری هەولێر کراون و بەردەوام خزمەت دەکرێن.
شارەوانیی هەولێر داوا لە کۆمپانیاکان دەکات ماتۆڕسوارەکانیان ئاگادار بکەنەوە تەنیا رێڕەوە فەرمییەکان بەکاربهێنن و دەڵێ: "لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی هەر رەفتارێکی لەو شێوەیەدا، ماتۆڕسکیلەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیرێتەبەر و دەدرێنە دادگە."
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەکی لەو شێوەیەدا، وێنەی سەرپێچییەکان بگرن و بۆ شارەوانیی رەوانە بکەن، بۆ ئەوەی بەدواداچوون و رێکاری پێویستی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.



