رووداو دیجیتاڵ خوێندکارانی کۆلێژ و بەشە جیاوازەکانی زانکۆی جیهان لە شاری هەولێر گلەیی لە گرانیی کۆرسی هاوینە دەکەن و دەڵێن، وەرگرتنی 250 هەزار دینار بۆ هەر وانەیەک بارگرانییەکی زۆری دارایی بۆ دروستکردوون. لە بەرامبەریشدا سەرۆکی زانکۆکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم سیستەمە بەشێکە لە پرۆسەی جیهانیی بۆلۆنیا و تەنیا بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە وانەی ساڵانی رابردوویان لەسەر کەڵەکە بووە. چەند خوێندکارێکی زانکۆی جیهان لە هەولێر بە رووداویان راگەیاند، سیستمی کۆرسی هاوینە کە لە ساڵی رابردووەوە جێبەجێ دەکرێ، گوشارێکی دارایی زۆری خستووەتە سەر خێزانەکانیان. خوێندکارێک ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی نەبوونییەوە ناچار بووە ئەڵقەی هاوژینییەکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت تێچووی کۆرسەکە دابین بکات. خوێندکارێکی دیکە گوتی: "حەوت وانە کەوتووم و بۆ هەر وانەیەک دەبێت 250 هەزار دینار بدەم. خوێندکاری واشمان هەیە 14 وانە کەوتووە و تێچووەکەی هێندە زۆرە کە توانای دابینکردنی نییە. تەنانەت خوێندکار هەیە تەنیا لەسەر 5 نمرە کەوتووە.". لە وەڵامی ئەوەدا دکتۆر ئەمجەد دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان لە هەولێر بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، ئەم سیستەمە بەشێکە لە سیستمی بۆلۆنیا کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانراوە و لە تەواوی عێراق و چەندین زانکۆی تایبەت و حکومیش جێبەجێ دەکرێ. سەرۆکی زانکۆی جیهان گوتی: "کۆرسی هاوینە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە تەنیا ئەم ساڵ کەوتوون ناچاری نییە و ئارەزوومەندانەیە، چونکە دەتوانن تەنیا بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمدا بکەن بێ هیچ بارگرانییەکی دارایی." بەڵام روونیکردەوە، ئەو خوێندکارانەی کە وانەکانی دوو یان سێ ساڵی پێشوویان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە (هەڵگرتن)، بەپێی سیستمەکە دەبێت کۆرسی هاوینە وەربگرن، چونکە پرۆگرام و مامۆستاکان دەگۆڕێن و پێویستە مادە زانستییەکە سەرلەنوێ بخوێننەوە. دکتۆر ئەمجەد دەلۆ جەختی لەوەش کردەوە کە زانکۆکەیان یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکان لە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە جیهانییە، کە رێگە بە خوێندکار دەدات بەپێی توانای خۆی بە چوار، پێنج یان شەش ساڵ خوێندنەکە تەواو بکات و راشیگەیاند: "ئەم سیستەمە لە بەرژەوەندیی خوێندکاراندایە و پرۆسەی خوێندنیان لە دەرەوەی وڵات ئاسان دەکات. بۆ نموونە، ئێستا 11 خوێندکاری ئێمە لە وارشۆی پۆڵەندا خەریکی خوێندنن، چونکە سیستمی خوێندنی ئێمە و ئەورووپا وەک یەکە."
هەواڵە ناوخۆییەکان24-06-2026لە هەولێر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بە 5750 دینارە و لە دهۆک 13 هەزار