رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما و کەمبوونی نەوت لە بازاڕەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و لە شاری هەولێر ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە 325 هەزار دینار.
رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی ماڵان گەیشتە 325 هەزار دینار، لە کاتێکدا دوو رۆژ پێش ئێستا بە 300 هەزار دینار بوو".
بە گوتەی سەرباز کەریم، ئێستا نەوت لە بازاڕدا کەم بووە، ئەوەندەی کە هەیانبووە پاشکەوتی پار بوو، ئێستا ئەویش نەماوە و تەنیا بڕێکی زۆر کەم ماوە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی نرخەکەی هێشتا بەرزتر بێتەوە.
لە شاری دهۆکیش نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە؛ ئەحمەد جەمال، نوێنەری بەنزینخانەی مەتین و نەوتفرۆش لە دهۆک بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 295 هەزار دینار. هۆکاری ئەمەش کەمبوونەوەیەتی لە بازاڕدا، ئەوەندەشی دەست دەکەوێت بە گرانی دەکڕدرێت. لە ئێران نەوت هەیە، بەڵام بازرگانەکان لەبەر ناجێگیریی دۆخی بازاڕ ناتوانن بیهێنن، پار لەم کاتانەدا نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان 180 هەزار بۆ 195 هەزار دیناردا بوو".
لە پارێزگای هەڵەبجەش بەرمیلێک نەوت نزیک دەبێتەوە لە 300 هەزار دینار. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی بەغدا بە 280 هەزار دینار و نەوتی بازیان بە 270 هەزار دینات فرۆشراوە".
بەراورد بە شارەکانی دیکە، لە سلێمانی نرخەکە کەمێک نزمترە؛ هێمن حەمە عەلی، بازرگانی نەوت لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "رۆژی پێنجشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی بازیانمان بە 260 هەزار دینار فرۆشتووە، بەڵام ئەمڕۆ بە 255 هەزار دینار فرۆشراوە، واتا پێنج هەزار دینار دابەزیوە. نرخەکەی رۆژانە دەگۆڕێت، لە کاتێکدا پار لەم کاتانەدا بە 120 هەزار دینار بوو."
نرخی ئێستای نەوت لە بازاڕەکاندا لە کاتێکدایە، پار لەم مانگەدا بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 120 هەزار دینار بوو و لە لووتکەی وەرزی سەرمادا گەیشتە 220 هەزار دینار. لە مانگی ئایاری ئەم ساڵیش نرخی بەرمیلێک 160 هەزار دینار بوو، لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا بووە 200 هەزار دینار و لە ئێستاشدا 300 هەزار دیناری لە بەشێک لە شارەکان تێپەڕاندووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پار لە دەستپێکی ئەیلوولەوە تاوەکو 04-01-2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزاندا دابەش کرا.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانی رابردوو دابەشی کردووە، 200 لیترە بە 104 هەزار دینار دراوەتە هاونیشتمانییان.


