رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانی دەڵێ، نزیکەی 5000 کەس لە کەسوکاری شەهیدان (هەژماری من)یان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر تاوەکو دوو مانگی دیکە ئەو کارە نەکەن، مووچەکانیان رادەگیرێ.
ئەمڕۆ 24ی حوزەیرانی 2026 مەحموود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانی رایگەیاند، "بەگوێرەی ئەو سیستمەی لە لایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت سەرجەم کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە چوارچێوەی (هەژماری من)دا تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی مووچەکانیان لە رێگەی بانکەوە وەربگرن، بۆیە پێویستە بە پەلە کارتەکانیان دروست بکەن".
مەحموود سەرمۆردی دەڵێ، "لە سەرجەم ئەو بانکانەی مووچەی شەهیدانی تێدا دابەشدەکرێ، لیژنەی دروستکردنی (هەژماری من) هەیە و لەوێ کاروباری کەسوکاری شەهیدان رایی دەکرێ. دوا مۆڵەت بۆ ئەم کارە رۆژی 31ـی مانگی ئاب دەبێت، چونکە دواتر مووچەکانیان رادەگیرێ".
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی سلێمانی، لە کاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی حوزەیراندا هێما لەسەر ناوی ئەو کەسانە دادەنرێ کە (هەژماری من)یان نییە و دەشڵێت، "زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان (هەژماری من)یان نییە، نزیکەی نۆ هەزار کەسوکاری شەهیدیش هەژمارەکەیان دروست کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارتی بانکییان وەرنەگرتووەتەوە".
بەگوێرەی داتاکانی (هەژماری من) لە سلێمانی 92%ی مووچەخۆران تۆمارکراون، لە هەڵەبجەش 93%ی مووچەخۆران، بەڵام لە هەولێر و دهۆک 99%ی مووچە خۆران تۆمار کراون.


