رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی دەڵێ، رێژەی سەوزایی لە سلێمانی 23٪یە و دوو پارکی نوێش لە سلێمانی دروستکراون کە هەشت هەزار داریان تێدا روێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەست بۆ کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئاو بۆ پارک و باخچەکان نەکراوە.
ئەمڕۆ 24ی حوزەیرانی 2026 بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی رووداو پێشکێشی دەکات، لەبارەی زیادبوونی رێژەی سەوزایی گوتی: "دوو پارکی نوێ لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد دروست کراون و نزیکەی هەشت هەزار نەمام روێندراون. بەگوێرەی داتاکانمان، رێژەی سەوزایی لە سلێمانی 23.6٪ە، لە کاتێکدا رێژەی پێویستی سەوزایی دەبێت 20٪ بێت، کە ئەمەش رێژەیەکی دڵخۆشکەرە و دەبێت لە ساڵانی داهاتوودا رێژەکە زۆر زیاتر بکەین".
لەبارەی پرسی ئاودانی دار و سەوزایی لە پارک، باخچە و سەوزایی نێوان رێگەکان، بەهرۆز سالار دەڵێ: "لە سێ ساڵی رابردوودا هەوڵمان داوە کەمئاوی کەمترین زیانی هەبێت بۆ باخچە و بلوارەکان. ساڵی رابردووش کە رێژەی ئاو کەمبوو، ساڵێکی سەخت بوو. بۆ ئەم ساڵیش پلانێکی زۆر باشمان داناوە بۆ ئاودانی باخچە و بلوارەکان، چونکە ئەم ساڵ بڕێکی زیاتری ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویمان هەیە و دەتوانین سوودیان لێوەربگرین".
لە سلێمانی جگە لە 28 تانکەری حکومی، ساڵانە لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە بە گرێبەستیکی ساڵانە، بە تانکەر ئاو بۆ باخچە و پارک و سەوزایی نێوان رێگە و شەقامەکان دابین دەکەن، بەهرۆز سالار دەڵێت: " لە سلێمانی 522 باخچە، حەوت پارکی گەورە و زیاتر لە 85 سەوزایی نێوان شەقامەکانمان هەیە. ساڵانە بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان ئاو بۆ ئەو شوێنانە دابین دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندی نەدراوە لەبارەی گرێبەستی کۆمپانیاکان بۆ دابینکردنی ئاو. ئێمە توانیومانە بەشێک لەو ئاوەی ساڵی رابردوو بڕیاری دابینکردنی درابوو لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە بەکاری نەهێنین و ئەم ساڵ دەتوانین سوودی لێوەربگرین".
لەبارەی بوونی کرێکاری پێویست بۆ خزمەتکردنی باخچەکان، بەهرۆز سالار دەڵێ: "بەشێکی زۆری کارمەند و کرێکارەکانمان خانەنشین بوون. زیاتر لە 120 باخەوانیشمان لە داهاتوودا پێکەوە لە یەک کاتدا خانەنشین دەبن، ئەمەش کێشەمان بۆ دروست دەکات".


