رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، دوو بڕگەی سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن. لە بڕگەی یەکەمدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت، کە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی (ئەسیکۆدا) و لە رۆژی 18ی حوزەیرانی 2026 لە بەغدا واژۆ کراوە.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پڕۆسەی چاکسازی لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران. بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت یەکلا بکاتەوە، "تاوەکو چیدیکە مافی ئەم توێژە پشتگوێ نەخرێت."


.jpg&w=3840&q=75)
