رووداو دیجیتاڵ لە کاتی مەلەکردندا لە رووباری سیروان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ خنکا و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکەیدا. ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەسەکە بە مەبەستی مەلەکردن چووبووە سەر رووباری سیروان لە نزیک پردی تازەدێ، لەناو ئاوەکەدا خنکاوە." گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ تیمەکانی مەلەوانی و فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە ئێستادا گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە، تاوەکو تەرمەکەی لە ئاوەکەدا بهێندرێتە دەرەوە. بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی گەرمیان، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەمە چوارەم جارە لە رووباری سیرواندا خنکان تۆمار دەکرێت.