رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی دەڵێ، ئەو مامۆستایەی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان کە لەلایەن ژمارەیەک لە خوێندکارانەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کرابوو، لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە ئامادە بوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات بە زووترین کات راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە بڵاودەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-06-2026، د. یۆهان عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە دۆسیەکەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی لەسەر سکاڵای خوێندکاران ئامادە بوو.
بە گوتەی د. یۆهان عوسمان، تاوەکو ئێستا وردەکاریی ئامادەبوونی د. عەبدوللەتیف لەبەردەم لیژنەکە نازانرێ، ''بەڵام یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکەی لێکۆڵینەوە، داواکاری گشتیی سلێمانییە و دوای ئەوەی راپۆرتی کاری لیژنەمان بۆ بەرزکرایەوە، بە زووترین کات بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێ.''
بەپێی یاسا کارگێڕییەکانی زانکۆی سلێمانی، ئەگەر لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون بە دۆسیەی تایبەت بە مامۆستایەکی زانکۆ پێکبهێندرێ، پێویستە لە ماوەی کاری لیژنەکەدا مامۆستاکە لە وانەگوتنەوە رابگیرێ.
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی دەڵێ، سەرەڕای هەبوونی یاسا کارگێڕییەکە، داوا لە د. عەبدوللەتیف نەکراوە نەچێتەوە زانکۆ، ''چونکە بەگشتی دەوام بۆ ئەم وەرزەی خوێندن کۆتاییهاتووە و تەنیا یەک یان دوو تاقیکردنەوە ماون. ئێستا ئەو مامۆستایە هیچ کارێکی نییە بۆ ئەوەی بیەوێت بێتەوە زانکۆ، بۆیە هیچی لەوبارەوە پێ نەگوتراوە.''
پێکهێنانی ئەم لیژنەیە لە کاتێکدایە، هەندێک دەنگ و تێکست لەنێوان کچێک و پیاوێک بڵاوبوونەتەوە کە گوایە دەنگ و نووسینی پیاوەکە بۆ عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی دەگەڕێتەوە، دواتر باس لە بوونی چەند کچێکی دیکە لە دۆسیەکە کرا.
ژمارەیەک لە خوێندکارانی کچی کۆلێژەکە باس لەوە دەکەن، گوایە ئەو مامۆستا ئاینییە لە رێگەی ژمارەی خۆیەوە هەراسانی کردوون، داوای وێنەی کردووە و "وێنەی نەشیاو"ی بۆ خوێندکارەکان ناردووە. د. یۆهان عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، سکاڵایەکی زۆر لەسەر د. عەبدوللەتیف تۆمارکراوە، ''بەڵام تاوەکو کاری لیژنەکە یەکلایی نەبێتەوە، ناکرێ هیچ شتێک لەسەر دۆسیەکە بگوترێ.''
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد جیا لەوەی مامۆستای زانکۆیە، بە رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێ، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگەکاندا کاردانەوەی لە تەواوی باشووری کوردستان لێکەوتووەتەوە و خۆی بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکاتەوە دەنگی ئەو بێت و دەڵێت، ''بوختان''ـە.
.jpg&w=3840&q=75)


