رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی نۆلج، رۆژی شەممە رێورەسمێکی ماتەمینی بۆ هەڵکەوت عەزیز، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی تۆڕی میدیایی رووداو و کوردستان بەڕێوەچوو. بەرپرسان و خوێندکارانی زانکۆکە کار و بەرهەمە رۆژنامەڤانییەکانی هەڵکەوتیان وەک میراتێک ناو برد کە جیلی داهاتووی راگەیێندکارانیش دەتوانن سوودی لێ ببینن.
دەشتی حاجی نەجمەددین، ئەمینداری گشتی زانکۆ و پەیمانگەی نۆلج، لە وتەیەکدا رایگەیاند: "هەڵکەوت عەزیز کوڕێکی زۆر لێهاتوو بوو. کاتێک لە بەغدا بوو، من بەردەوام هەواڵ و راپۆرتەکانیم سەبارەت بە مووچە و بودجەی خەڵک دەبینی. کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان."
دەشتی حاجی نەجمەددین پێیوایە؛ "تەنانەت لەم ماتەمینییەشدا هەڵکەوت توانی هەموو رەنگ و ئاراستە جیاوازەکان کۆبکاتەوە. بەڕاستی، کوردستان بە کۆچی ئەو تازیەبار بوو."
ئارام ئازاد کە فەرمانبەرێکی زانکۆکەیە دەڵی ''کۆچی هەڵکەوت عەزیز کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر قوتابیان هەبووە و زۆربەی قوتابییەکان بە تازیەبارییەوە بەشدارییان لە رێورەسمەکە کردووە".
ئەحمەد تەڵعەت، خوێندکاری بەشی راگەیاندنی دیجیتاڵییە لە زانکۆکە. پێیوایە کەسایەتی و کارەکانی هەڵکەوت عەزیز نموونەیەکی ناوازەیە و گوتی: "ئێمە وەک قوتابیانی راگەیاندن، بەردەوام بە شوێن رێچکە و ئەرکناسیی کاکە هەڵکەوتدا دەڕۆین، کاری میدیایی و حەزی خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە ئەودا فێربووین."
مەتین خالید یەکێک لە خوێندکارە ماتەمگێڕەکانی کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز ئاماژەی بەوەدا کە گەنجان دەتوانن لە ژیان و ئاکاری هەڵکەوت عەزیز فێری راستگۆیی، وەفا و دڵسۆزیی نیشتمان بن.
بەشداربووانی رێورەسمەکە جەختیان کردەوە، هەڵکەوت عەزیز بە هۆی پیشەگەری، راستگۆیی و نزیکییەکەی لەگەڵ خەڵک، شوێنێکی دیار و مێژوویی لە بواری رۆژنامەڤانیی کوردیدا بەجێهێشتووە

.jpg&w=3840&q=75)

