رووداو دیجیتاڵ
کێشە تەکنیکییەکانی پێوەری زیرەک و پچڕانی هێڵی پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی ناوەندی، گرفت بۆ بەشێک لە هاوبەشانی کارەبا لە شاری سلێمانی دروستدەکات؛ هاونیشتمانییەک دەڵێت چوار رۆژە بەهۆی هەڵەی سیستەمەوە کارەبای ماڵەکەی بڕاوە، کارەبای سلێمانیش دەڵێت بەهۆی زۆریی هاوبەشان دروستبوونی گرفتی لەو شێوەیە "چاوەڕوانکراوە".
شەماڵ رەئووف، دانیشتووی گەڕەکی قولەرەیسی لە شاری سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی دووشەممەوە بەبێ هیچ هۆکارێک کارەبای ماڵمان بڕاوە، سەرەڕای ئەوەی ساڵێکە بە شێوازی ئۆنلاین پارەی کارەبا دەدەین. کاتێک پەیوەندیم بە هێڵی گەرمی 1992 کرد، سەرەتا گوتیان ماڵەکەتان تۆمار نەکراوە، بەڵام دوای پیشاندانی بەڵگەی پارەدانەکە، گوتیان هەڵە روویداوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی چاککردنەوە نەهاتن و ناچار بووم بە کێبڵ کارەبا لە دراوسێکەمانەوە رابکێشم."
کارەبای سلێمانی: کێشەکە تەکنیکییە
ئەندازیار سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، هۆکاری دروستبوونی ئەم حاڵەتانەی روونکردەوە و بە رادیۆی رووداوی گوت: "بابەتەکە تەواو تەکنیکییە و پەیوەندی بە پچڕانی لیکی نێوان پێوەرەکە و سیستەمی ناوەندییەوە هەیە. پێویستە ئەو هاونیشتمانییە سەردانی بەشی فرۆشتنی وزە بکات، تاوەکو لە رێگەی ئامێری تایبەتی (CIU) پێوەرەکەی بە سیستەم ببەسترێتەوە و داتاکان ئاڵوگۆڕ بکرێن."
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی کێشەی هێڵەکانی پەیوەندی یان پچڕانی پەیوەندیی پێوەر لەگەڵ دەروازەی سیستەمەکە (Gateway)، داتاکان ناگەن و پێویست بە دەستوەردانی مەیدانیی تیمەکان دەکات، گوتیشی: "لە شارێکی گەورەی وەک سلێمانی کە سەدان هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە، رۆژانە دروستبوونی ژمارەیەک گرفتی تەکنیکی لەم شێوەیە چاوەڕوانکراوە و بەردەوام تیمەکانمان سەرقاڵی چارەسەرکردنیانن."



